کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داخرانی لە سەدا ٤٥ی یەکە بەرهەمهێنەرەکان لە ئێران

14:38 - 24 گەلاوێژ 2715

کوردستان میدیا: بە هۆی نالەباربوونی بارودۆخی ئابووری، لە سەدا ٤٥ی یەکە پیشەسازییەکانی ئێران داخراون کە نیوەیان لە کوردستاندان.

بەپێی راپۆڕتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بەرپرسی ژووری بازرگانیی رێژیمی ئێران رایگەیاندووە کە لە سەدا ٤٥ی یەکەی پیشەیی و بەرهەمهێنان لە ئێراندا بە هۆی نەبوونی توانای ماڵی و بارودۆخی نالەباری ئابووری، داخراون یان بە شێوەی نیوەچڵ درێژە بە کارەکانیان دەدەن.

هەروەها ئامارەکانی وەزارەتی پیشە، کانگا و بازرگانی دەریدەخەن کە ٢٢ هەزار یەکەی بەرهەمهێنان لە بەرەبەری داخران دان.

جێگری وەزیری سەنعەت، کانگا و بازرگانیی رێژیمی ئێران رایگەیاندووە، کە لە ماوەی ساڵی١٣٧٠ی هەتاوی هەتا ئێستا ٦٢٣٩ی یەکە بەرهەمهێنەرەکان لە ئێراندا نیوەچالاک بوون.

ئەم بەرپرسەی حکوومەتییە لە درێژەدا وتوویەتی، لە سەدا ٧٧ی یەکەی پیشەیی و بەرهەمهێنەرە داخراوەکان لە دەورانی سەرکۆماریی ئەحمەدی نژاد دا بووە و لە ماوەی ساڵەکانی ١٣٨٥ هەتا ١٣٩٢ی هەتاوی روویداوە.
لە بواری داخرانی یەکە بەرهەمهێنەر و پیشەیەکان، لە پارێزگاکانی کوردستان لە ٢ هەزار و ٨٠٠ یەکەی بەرهەمهێنان لە پارێزگای ئورمیە ١ هەزار و ٢٤٥ یەکە داخراون.

داخرانی لە سەدا ٤٧ی یەکە بەرهەمهێنەر و پیشەیەکان لە ئورمیە بووەتە هۆی ئەویکە زیاتر لە ١٨ هەزار کەس لەو پارێزگایە بێکار بن.
هەروەها سەبارەت بەم دۆخە راگەیندراوە کە لە سەدا ٧٠ی یەکە پیشەییەکان لە پارێزگای سنە و لە سەدا ٧٥ی یەکە بەرههێنەرەکان لە پاریزگای کرماشان بە هۆی نەبوونی توانای ماڵی و بارودۆخی نالەباری ئابووری، داخراون یان بە شێوەی نیوەچڵ درێژە بە کار دەدەن.

بە باوەڕی کارناسان، گەمارۆ ئابوورییەکانی وڵاتانی رۆژئاوا بۆ سەر ئێران، داخرانی زۆربەی یەکە پیشەییەکان و کۆتایی هێنان بە وەبەرهێنان لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا لە هۆکارە سەرەکییەکانی دروست بوونی قەیرانی ئابووری و نەمانی هەلی کار لە ئێران دێنە ئەژمار.

ژمارەیەک کارناسی دیکەش دەڵێن: هۆکاری پەرەسەندنی هەژاریی لە ئێران دەگەڕێتەوە بۆ یارمەتییە ماڵییەکانی ئێران بە رێژیمی بەشار ئەسەد، میلیشیاکانی حیزبوڵڵا، حوسییەکانی یەمەن و ژمارەیەک لە گرووپە میلیشیاکانی عێراق.