کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داعش لە مووسڵ ٨٣٧ ژنی كوشتووە

21:15 - 7 بەفرانبار 2715

كوردستان میدیا: بەپێی ڕاپۆرتی بەڕێوەبەرایەتیی ئەمنیەتی مووسڵ، داعش لە ساڵەكانی ٢٠١٤ و ٢٠١٥دا، ٨٣٧ ژنی كوشتوە.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەكان، زەنوون سەوابی بەڕێوەبەری گشتیی ئەمنیەتی مووسڵ، بۆ تەلەفیزیۆنی ڕووداوی ئاشكرا كرد كە زۆربەی ئەو ژنانەی دەكوژرێن، یان ئەندامی پارلەمانن، یان پارێزەر و یانیش بەرپرسانی وەزارەتی پەروەردەن.

ناوبراو هەروەها ئاماژە بەوە دەكات كە، ئەو ژنانەی لە دادگاكانی داعش سزا دەدرێن، بە شێوەگەلێكی زۆر وەحشیانە دەكوژرێن.

لە ساڵی ٢٠١٤ەوە تا ئێستا، مووسڵ لە لایەن داعشەوە داگیر كراوە و هێزە هاوپەیمانەكان و هێزەكانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەكان خۆیان بۆ گرتنەوەی مووسڵ ئامادە دەكەن.