کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داعش چەكە قورسەكانی خۆی لە یەرمووك بۆ ڕێژیمی ئەسەد بە جێ دەهێڵێت

15:32 - 5 بەفرانبار 2715

كوردستان میدیا: ڕێژیمی سووریە ٥٣ دەزگا پاس بۆ گواستنەوەی میلیشیاكانی سەر بە تاقمی تیرۆریستیی داعش لە باشووری دیمەشق بۆ شاری ڕەقە پایتەختی ئەو ڕێكخراوە تیرۆریستییە ئامادە دەكات.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەكان، لە بڕگەیەك لەو ڕێككەوتنە سەرنجڕاكێشەدا، لە نێوان ڕێژیمی سووریە و تیرۆریستەكانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)، بڕیار دراوە كە هێزەكانی سوپای ئەسەد ئەو چەكە قورسانەی كە لە میلیشیاكانی داعش بە جێ دەمێنن، لێیان وەربگرن.
ئەو هەنگاوانە لە پاش ئەوە دێن كە ڕێژیمی ئەسەد و داعش بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە سەر دەربازكردنی هێزەكانی ئەم ڕێكخراوە تیرۆریستییە لە ناوچەی حجرالاسود ڕێك كەوتن.

ماڵپەڕی لوبنانیی المیادینی نزیك لە ڕێژیمی سووریە ڕایگەیاند؛ بە گشتی زیاتر لە ٣ هەزار و ٥٠٠ میلیشیا و بنەماڵەكانیان لە خێوەتگەی یەرمووك دەگوازرێنەوە.

لە نێو ئەو كەسانەدا، جیهادییەكانی سەر بە بەرەی نوسرەتیش دەبینرێن كە لقی ڕێكخراوی تیرۆریستیی قاعیدە لە سووریەن.
بە پێی ڕاپۆرتی چاوەدێریی مافەكانی مرۆڤی سووریە، هێزە توندڕەوەكان بە پاس دەگوازرێنەوە بۆ ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆیان لە شاری ڕەقەی پایتەختی خەلافەتی خۆسەپێنی ئیسلامی.

ئەوە تازەترین ڕێككەوتنی ئاگربەس لە نێوان میلیشیا توندڕەوە ئیسلامییەكان و ڕێژیمی ئەسەددایە.

پێشتریش چەند ڕێككەوتنی هاوشێوە بە نێوانگیریی ڕێژیمی ئێران و دەوڵەتی توركیە لە ناوچەی زەبەدانی لە دەوروبەری دیمەشق و دوو گوندی شیعەنشین لە ڕۆژئاوای سووریە واژۆ كرابوون كە هەڵبەت ماوەیەك دواتر پێشێل كرابوون.