کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دان‌پێدانانی بەرپرسانی رێژیمی ئێران بە نرخی بێکاریی ٢٨%ی لە پارێزگای سنە

15:43 - 27 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: بەڕێوەبەری گشتیی تەعاون، کارو خۆش‌بژێویی کۆمەڵایەتیی پارێزگای سـنە رایگەیاندووە کە ٤٢٨ هەزار کەس لەو پارێزگایە سەرقاڵی کارکردنن و هەروەها نرخی بێکاری لە پارێزگای سنە لە سەدا ٢٨ بەراورد کراوە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەحمەد رەشیدی بەڕێوەبەری گشتیی تەعاون، کارو خۆش‌بژێویی کۆمەڵایەتیی رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢٦ی رەشەمەی ١٣٩٣ی هەتاوی، ئاماژەی بە کێشە وگرفتی لاوان کردووە و لە پەیوەندییەدا رایگەیاند: رێژەی بێکاری لە پارێزگای سنە رووی لە هەڵکشان دایە و لانیکەم بە لەسەدا ٢٨ گەیشتووە.

ئەم کاربەدەستەی رێژیم دانی بە ئاماری ٣٧٣ هەزار بیكار لە پاڕیزگای سنەدا ناوە.

بە پشت بەستن بە ئامارەکانی رێژیمی ئێران، نرخی بێکاری لە نێو لاوانی ئێران لە سەدا ٢٨ بەراورد کراوە و هەروەها نرخی بێکاری لە نێوان لاوانی ئێران لە وەرزی پاییز و زستاندا بە نزیک لە سەدا ٣٠ گەیشتووە.

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی رێژیمی ئێران کە لەلایەن ناوەندی ئاماری ئێران و بانکی ناوەندی بڵاو دەکردرێتەوە، پارێزگا کوردنشینەکانی ئێران وەک ئیلام، کرماشان، سنە و ئورمیە لە بێکارترین پارێزگاکانی ئێران ئەژمار دەکرێن.

داسەپاندنی گەمارۆ ئابوورییەکان، داخرانی زۆربەی یەکە پیشەیی و بەرهەمهێنەرەکان لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا یەکێک لە سەرەکیترین هۆکاری قەیرانی ئابووری و دابەزینی رەخساندنی هەلی کار و بەرزبوونەوەی نرخی بێکاری لە پارێزگا کوردنشینەکانی ئێران دێنە ئەژمار.

بەرزبوونەوەی لە رادەبەدەری بێکاری لە سـنە لە حاڵێکدایە کە بەرپرسان و بەڕێوەبەرانی رێژیم بەردەوام بەلێنیی باشتربوونی دۆخ و رەخساندنی هەلی کاریان لەو پارێزگایە داوە و هەتا ئێستا هیچکام لە بەڵێنییەکانی رێژیم جێبەجێ نەکراون.

کازیوە.ر