کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داواکاریی گونجاندنی پرسی مافی مرۆڤ لە دانیشتنەکانی ١+٥ و ئێران

20:44 - 21 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: ١٩ سێناتوری کۆماریخوازی ئامریکا، لە نامەیەکدا داوایان لە وەزیری کاروباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان کردووە کە پرسی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ، لە دانوستانە ناوکییەکان لەگەل رێژیمی ئیراندا بگونجێندرێت.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە درێژەی داواکارییە هەمەلایەنەکان لە گرووپی ١+٥ بەتایبەت ئامریکا، لە پەیوەندی لەگەڵ گونجاندنی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لەلایەن رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە دانوستانەکان لەگەل ئەم رێژیمەدا، ١٩ سێناتۆری ئامریکایی بە ناردنی نامەیەک بۆ جان کێری، وەزیری کاروباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان جەختییان کردووەتەوە کە پێویستە پرسی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە دانوستانەکانی گرووپی ١+٥ لەگەڵ رێژیمی ئێراندا بگونجێندرێت.

ئەم راپۆرتە باس لەوە دەکات کە سێناتۆرەکانی ئامریکا لەو نامەیەدا روو بە وەزیری کاروباری دەرەوەی ئامریکا بە جەخت کردنە سەر زیندانی بوونی چەند هاووڵاتییەکی ئامریکایی لە زیندانەکانی رێژیمی ئێراندا، رایانگەیاندووە: تاوتوێ نەکردنی پرسی مافی مرۆڤ لە دانوستانە ناوکییەکان لەگەڵ رێژیمی ئێراندا، قەبووڵ ناکرێت.

ماوەیەک لەمەوبەر، ئەد رۆیس، سەرۆکی کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکا، لە بەیاننامەیەکدا جەختی کردەوە کە دوای هاتنە سەر کاری حەسەن رۆحانی، سەرکۆماری نوێی رێژیمی ئێران، پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لەلایەن ئەم رێژیمەوە بەردەوام درێژەی بووە و داوای لە ئوباما کردبوو کە پرسی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە لە دانوستانە ناوکییەکان لەگەڵ رێژیمی ئێران لەبەرچاو بگرێت.

لەپەیوەندی لەگەڵ پێویستیی گونجاندنی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە دانوستانە ناوکییەکان لەگەڵ رێژیمی ئێراندا، پێشتریش، ناوی پیلای، کۆمیسێری مافی مرۆڤ لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە دو لایەنی دانوستانکار (رێژیمی ئێران و گرووپی ١+٥) کردبوو کە پرسی مافی مرۆڤیش بخەنە بەر باس.

پێشتریش، ٢٣ سێناتۆری کۆنگرەی ئامریکا، بە بڵاوکردنەوە نامەیەکی سەرئاوەڵا روو بە باراک ئۆباما، لە بارەی دۆخی مافی مرۆڤ نیگەرانییان دەربڕیبوو و داوایان کردبوو کە پرسی مافی مرۆڤ لە دانوستانە ناوکییەکان لەگەڵ رێژیمی ئێراندا تاوتوێ بکەن.

ئەم سێناتۆرە ئامریکاییانە جەختیان کردبووە کە پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ئێران لەگەڵ هاتنە سەر کاری رۆحانی نەتەنیا کەم نەبووەتەوە بەڵکوو نالەبارتریش بووە.

هەتا ئێستا چەندین رێکخراو و ناوەندی نێودەوڵەتیی تایبەت بە مافی مرۆڤیش داوایان کردووە کە پرسی مافی مرۆڤ و پێشێلکاری مافی مرۆڤ لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە لە دانوستانەکانی رێژیمی ئێران و گرووپی ١+٥ بگونجێندرێت.

ئاویەر.ت