کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو کارناسی ڕێژیمی ئێران لە یەمەن کوژران

16:46 - 19 خاکەلێوه 2716

کوردستان میدیا: لە شەڕ و پێکدادانەکانی یەمەن، دوو کارناسی ڕێژیمی ئێران لەگەڵ ٥٢ میلیشای دیکەی ئەو وڵاتە کوژران.

سەرچاوە هەواڵدەرییەکانی وڵاتی یەمەن بڵاویان کردەوە کە؛ ٥٢ کەس لە میلیشا حووسییەکانی یەمەن و هەروەها دوو کارناسی ڕێژیمی ئێران لە شەڕ و پێکدادانەکانی ئەو وڵاتەدا کوژران.

ئەلئەشرەف وتەبێژی هێزەکانی لایەنگری عەبد ڕەبە مەنسوورهادی سەرکۆماری یاسایی یەمەن، لەو بارەیەوە بڵاوی کردووەتەوە کە فڕۆکە شەڕکەرەکانی هاوپەیمانانی عەرەبی، کاروانێکی حووسییەکانیان بۆردوومان کردووە و لەو بۆردوومانەدا چوار ماشێنی جۆری ئۆتوبووس و ماشێنێکی دیکە لە ناوچەی ئەلسیاقەیان بۆردوومان کردووە.

ناوبراو هەروەها جەختی کردووەتەوە کە ٣٥ میلیشای حووسی و دوو ئەفسەری گاردی سەرکۆماری و دوو کارناسی ڕێژیمی ئێران کوژراون.

شەڕ و ئاڵۆزییەکانی یەمەن بە پشتیوانیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و حیزبوڵڵای لوبنان، پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێ و ئەو ڕێژیمە لە بواری پەروەردە و ڕاهێنانی نیزامی و هەروەها لە بواری چەکوچۆڵەوە پشتیوانی لە حووسییەکانی سەربە عەلی‌عەبدوڵڵا ساڵح دەکات.

پاش لابردنی عەلی عەبدوڵـڵا ساڵح و بە دەسەڵات گەیشتنی عەبد ڕەبە مەنسوور هادی، سەرکۆماری نوێی یەمەن، ڕێژیمی ئێران بەردەوام بە شێوە جۆراوجۆرەکان لە ڕێگەی گرووپە میلیشیاکان و پشتیوانی لەو گرووپانە، لە هەوڵی دەستێوەردان لە کاروباری ئەو وڵاتەدا بووه.

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە چوارچێوەی یارمەتیی چەک‌وچۆڵ، ئابووری، ڕاهێنانی نیزامیی ئەندامانی گرووپە میلیشیاکان و هەروەها زیادکردنی باندە سیخوڕییەکان لە وڵاتانی ناوچەکەدا، بەڕوونی بەرچاو دەکەوێت.