کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دژ کردەوەی ئیسرائیل و بەحرەین سەبارەت بە قسەکانی خامنەیی

17:33 - 30 پووشپەڕ 2715

کوردستان میدیا: بنیامین نەتانیاهو و بەرپرسێکی وڵاتی بەحرەین دژکردەوەیان بە قسەکانی خامنەیی رێبەریی رێژیمی ئێران نیشان دا و وڵاتی بەحرەین هوشداریی بە باڵوێزی ئەو رێژیمە داوە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٨ی پووشپەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی، سەرۆک‌وەزیری ئیسرائیل لە دانیشتنی حەفتانەی دەوڵەتیدا ئاماژەی بە قسەکانی خامنەیی داوە و رایگەیاندووە، ئەگەر کەسانیک وایان دەزانی کە ئێران پاش رێککەوتنەکان سیاسەتی گۆرانی بەسەردا دێت، دەبێ بزانی کە پاش قسەکانی خامنەیی بە هەڵەدا چووە.

نەتانیاهوو ئاماژەی بەوە داوە کە رێککەوتنی ناوکیی نێوان ئێران و گرووپی ١+٥ هیچ شتێک بێجگە لە پەرەپێدان بە رێکخراوە تیرۆریستییەکان.

لەلایەکی دیکەوە کاربەدەستێکی وەزارەتی کار و باری دەرەوەی وڵاتی بەحرەین رایگەیاندووە، قسەکانی ئەم دواییانەی خامنەیی، دەستێوەردانێکی روونە لە کاروباری ناوخۆیی ولاتانی عەرەبی.

ئەو کاربەدەستە پێداگری لەسەر ئەوە کردووەتەوە،پێویستە کۆتایی بەم جۆرە قسانە بهێندرێ و دەبێ ئێرانیش پابەندی رێککەوتنامەکان بێت.

دەوڵەتی بەحرەین راشیگەیاندووە کە بۆ پشتیوانی لە ئەمنییەت و ئاسایش و سەقامگیر بوونی ناوچە هەر کارێک پێویست بێت ئەنجامی دەدات.

دژایەتی خامنەیی لەگەڵ ئەمریکا لەحاڵێکدایە کە چەند رۆژ لەمەوبەر هاشمی رەفسەنجانی، بەرپرسی گشتیی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی رێژیمی ئێران لە وتووێژێکی رۆژنامەوانیدا وتبووی، دانوستانەکان لەگەڵ ئامریکا تابۆ شکێنییە و رێککەوتنی ناوکیی دەتوانێت کاریگەری ئەرێنی لەسەر بیروڕای خەڵکی ئێران دابنێت. ناوبراو تەنانەت کردنەوەی باڵوێزخانەی ئامریکای لە تاران بە دوور لەچاوەڕوانی نەزانیبوو.