کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی ئابووریی ئێران ئاڵۆزتر دەبێت

20:39 - 8 بەفرانبار 2715

كوردستان میدیا: بشێویی ئێستای ئابووریی ئێران بە پێچەوانەی ئیدعاكانی بەرپرسانی ڕێژیم، نەتەنیا چارەسەر ناكرێت، بەڵكوو پێشبینیش دەكرێت لە داهاتوودا دۆخی ئابووریی ئەو وڵاتە گەلێك ئاڵۆزتر بێت.

نرخی نەوت و ئابووریی ئێران

لەحاڵێكدا كە نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا بەردەوام دادەبەزێت و پێشبینیی كەمیی بودجەی ٥٠ هەزار میلیاردی بۆ بودجەی ئەمساڵ دەكرێت، نرخی نەوت بۆ بودجەی ساڵی داهاتوو ٣٥ دۆلار دیاری كرا.
ڕاوێژكاری وەزیری نەوت، مەنسوور مۆعەزەمی لە پەراوێزی دەیەمین كۆڕی نێونەتەوەیی یەكیەتیی هەناردەكارانی نەوت و گاز ڕایگەیاند: نرخی هەر بەرمیل نەوت لە گەڵاڵەی بودجەی ساڵی داهاتوودا ٣٥ دۆلار لەبەرچاو گیراوە كە بەو پێیە داهاتی گشتیی نەوت لە ساڵی داهاتوودا دەبێ‌ ٢٢ میلیارد دۆلار بێت، بەڵام ئەمە لەكاتێكدایە كە ئەمڕۆ نرخی نەوتی خاوی ئێران گەیشتە كەمترین ئاستی خۆی و بە ٢٩ دۆلار فرۆشرا.

كەمیی بودجە

دەوڵەت لەحاڵێكدا گەڵاڵەی پێشنیاریی خۆی ڕەوانەی مەجلیس دەكات كە بە وتەی ئەبوزەر نەدیمی ئەندامی كۆمیسیۆنی ئابووریی مەجلیسی ڕێژیم، لە گەشبینانەترین حاڵەتدا، دەوڵەت لەگەڵ كەمیی بودجەی ٥٠ هەزار میلیارد تمەنی بەرەوڕوو دەبێت كە ئەمە بە واتای دژوارترین ساڵی ئابوورییە بۆ ئێران.

بۆ وڵاتی ئێران كە لە پاش عێراق بەستراوەترین ئابووریی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا هەیە، نرخی نەوت نابێ ‌لە ٩٠ دۆلار كەمتر بێت چوونكە ئەگەر وا نەبێت، ئەم وڵاتە تووشی كەمیی بودجەی شدید دەبێت كە دەوڵەت ناچار دەكات بۆ قەرەبووی ئەم كەمیی بودجە دەستبداتە چاپی دراوی نوێ‌ كە ئەمەش نرخی هەڵاوسان دەباتە سەرێ‌.

ڕێژەی نەخدینەیی لە ٩٠٠ هەزار میلیارد تمەن تێپەڕی

لەحاڵێكدا كە تا كۆتایی ساڵی ٩٢ی هەتاوی، ڕێژەی نەخدینەیی ئێران بریتی بوو لە ٥٨٠ هەزار میلیارد تمەن، لە كۆتایی پاییزی ئەمساڵدا، بە ٥٦% گەشە، ئەم ڕێژەیە گەیشتە ٩٠٧ هەزار میلیارد تمەن، كە ئەم پرسە نیشاندەری هەبوونی هەڵاوسانێكی لەڕادەبەدەرە (بۆ وێنە هەڵاوسانی ٥٥%ی لە كاڵا مەسرەفییەكاندا) زێدە لەگەڵ گرانیی ٣٠ تا ٥٥%ە كە ئەگەر چارەسەری بۆ نەدۆزرێتەوە، كێشەی جیددی تر بۆ ئابووریی ئێران دروست دەكات.