کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی نالەباری قوتابخانەکانی پیرانشار

15:25 - 22 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: دۆخی قوتابخانەکانی شاری پیرانشار لە ئاستێکی زۆر نالەبار دایە و قوتابیان لە دۆخێکی زۆر دژوار و مەترسیداردا دەرس دەخوێنن.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، قوتابخانەکانی شاری پیرانشار لە لانیکەمی ئیمکاناتی پێویستی خوێندن بێبەشن و بەرپرسانی ئیدارەی پەروەردە و فێرکرکاری هیچ هەوڵێک بۆ چارەسەری ئەو کێشانە نادەن.

لەو پەیوەندییەدا بەپێی راپۆرتێک کە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە لە درێژەی نالەباربوونی دۆخی قوتابخانەکانی شاری پیرانشار قوتابخانەی سومەییە لە پشت شەقامی مەلا رەزا لەلای قوتابخانەی غەفاریان دۆخێکی زۆر نالەباری هەیە و میچی بینای ئەو قوتابخانەیە لە حاڵی رووخاندایە و بەرپرسانی ئەو قوتابخانەیە بە بنەماڵەی قوتابیانیان راگەیاندووە کە لە ئەگەری روودانی هەر رووداوێکدا ئێمە بەرپرسیار نین و دەتوانن منداڵەکانتان بۆ قوتابخانایەکی دیکە راگوێزن.

هەروەها لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا دوای سووتانی قوتابخانەی گوندی شەختانی شاری پیرانشار بە هۆی ئاگر گرتنی سۆبەی غەیری ستانداراد، دوای ئەوەیکە هێزەکانی سپای پاسداران و ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێران دەگەنە شوێنێ رووداوەکە بە توندی هەڕەشە لە مامۆستای قوتابخانەکە دەکەن کە دەبێ بەرپرسایەتیی ئەو رووداوە وەئەستۆ بگرن.

ئەو کارە نەشیاوەی هێزەکانی رێژیم ناڕەزایەتیی مامۆستایانی قوتابخانەکانی دیکەی لێدەکەوێتەوە کە دەڵێن ئەوە کەمتەرخەمیی مامۆستایان نییە و رێژیم لەو کارەدا بە تاونبار دەزانن.

مامۆستایانی ناڕازی رایانگەیاندووە کە رێژیم سەبارەت بە روودانی کارەساتباری قوتابخانەی شیناوێ کە ئەو دەم مامۆستاکە خاتوونێکی تورک زمان بووە بە جێگای ئەوەیکە رێژیم سزای بدات، تەشویقی کردووە و بۆ شوێنێکی باشتری راگواستووە کە وانە بڵێتەوە.

هەروەها ئەو مامۆستایانە رایانگەیاندووە کە بۆ بە جێگای ئەوەیکە ئیدارەی پەروەردە و فێرکراری بڕیاری خۆی بدات؛ دەبێ سپای پاسداران و ئیتلاعاتی رێژیم بڕیار بدەن.

لەو پەیوەندییەدا ماوەیەک پێش ئێستا لە راپۆرتێکدا کە بە دەستی ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتبوو، ئیدارەکانی پەروەردە و بارهێنان لە سەرتاسەری ئێراندا بۆ ساڵی داهاتوو، رێژەی گونجاوی پۆلی وانەوتنەوە و مامۆستایان بۆ قوتابخانە سەرەتایی و ناوەندییەکان نییە و ئەوەش نیگەرانی خەڵکی لێکەوتووەتەوە.
لەو پەیوەندییەدا لە پارێزگای ئورمیە، شاری پیرانشار بۆ ساڵی داهاتووی خوێندن تەنیا بۆ قوتابخانەکانی ناوەندی زیاتر لە ٦٠ مامۆستا و ٥٠ پۆلی وانەوتنەوەی پێویستە ئەوەش لە حاڵێکدایە کە لە ئەمساڵدا هیچ پۆلێکی وانەوتنەوە بێ‌قوتابی نەبووە و پۆلەکان ٣٣ هەتا ٤٠ قوتابییان لەخۆ گرتووە کە ئەوەش کێشەیەکی گەورەی بۆ مامۆستایان بۆ کاروباری وانەوتنەوە دروست دەکات.

قوتابخانەکانی شاری ماکۆ لە لانیکەمی ئیمکاناتی خزمەتگوزاری وەک ئامێری گەرمکەرەوە، بینای قوتابخانە و کەرستەی پەروەردە بێبەشن و قوتابیانی ئەو قوتابخانانە لە دژوارترین دۆخدا دەخوێنن.

شار و گوندەکانی کوردستانی ئێران، هەنووکە پێویستییان بە چەندین قوتابخانەی نوێ هەیە وبەرپرسانی پێوەندیداری رێژیمی ئێرانیش بە درێژەدانی سیاسەتی هەڵاواردن بە دژی خەڵکی کوردستان و نەتەوە بندەستەکان، هیچ هەنگاوێک بۆچارەسەری ئەو پرسە هەڵناگرن.

گادەر. د