کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیەی کچە قوتابیانی کۆچکردووی شیناوێ نیوە حیساب کرا

15:39 - 5 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: سەرەڕای ئەوەیکە بیمە رایگەیاندبوو کە دیەی کچە قوتابیانی کۆچکردووی کارەساتی قوتابخانەی شیناوێ تەواو دەدات، بەڵام نیوەی دیەی ئەو قوتابیان دراوە.

هەواڵدەریی جام نیوز لە راپۆرتێکدا رەخنەی لە حوسێن ئەحمەدی‌نیاز پارێزەی قوتابیانی شیناوێ گرتووە کە بیمەی ئێران درەنگی لە دانی دیەی تەواوی دوو کچە کۆچکردووی کارەساتی قوتابخانە شیناوێ کردووە.

سەیران یەگانە و سارینا رەسووڵ‌زادە دوو کچە قوتابی بوون کە لە کارەساتی شیناوێ گیانیان لە دەست دا.

بەپێی راپۆرتە بڵاوکراوەکان، بیمەی ئێران دوای گوشارخستنەسەری لە بواری لابردنی نیوەی بیمەی کچە قوتابیانی شیناوێ بە هۆی رەگەزیانەوە، رایگەیاندبوو کە بەرزترین نرخی گونجاوی دیەی ئەو کچانە بدات.

دەوترێت سەرەڕای وادە و بەڵێنییەکانی بیمەی ئێران و دوای تێپەڕبوونی دوو مانگ لە کاتی دیاریکراو هەتا ئێستا بیمە ئەو بڕە پارەیەی نەدراوە.

لە یاساکانی ئێراندا دیە ماڵێکە کە بە هۆی جەنایەت لەسەر نەفس یا ئەندام بە ئەو کەسەی کە جەنایەتی لە دژی ئەنجام دراوە بە دایک و باوک یا کەسانەی دیکەی بنەماڵە دەرێت، ماددەکانی ٢٩٤ هەتا ٤٧١ی یاسای سزای ئیسلامی بە دیە تەرخان کراوە بەپشت بەستن بە ماددەی ٣٠٠ی یاسای بنەڕەتیی رێژیمی ئێران کە هیچ کات پەسند نەکراوە، دیەی کوشتنی ژنی موسلمان بە ئانقەست، یان نائانقەست، نیوەی دیەی پیاوی موسڵمانە، هەروەها لە ماددەی ٣٠١ی سزادانی ئیسلامیدا هاتووە: دیەی ژن و پیاو یەکسانە هەتا کاتێک کە ئەندازەی دیە یەک لەسەر سێی تەواوی دیەیەک بێت. جیا لەو حاڵەتە، دیەی ژن نیوەی دیەی پیاوە\'\'.

یاسای سزای ئیسلامی هیچ کات لەلایەن مەجلیسی شۆرای ئیسلامی کە دەزگای یاساداڕێژە (قوە مقننە) پەسند نەکراوە بەڵکوو بەپشت‌بەستن بە ئەسلی ٨٥ی یاسای بنەڕەتی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە پەسندکردنی کۆمیسیۆنی قەزایی مەجلیسی بە شێوی تاقیکاری بەڕێوە دەچێت بەڵام کاتی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەی ئەو یاسایە زیاتر لە دوو دەیەیە و ئێستا ئەگەری ئەوە هەیە یاسای نوێی سزای ئیسلامی جارێکی دیکەش بە پشت‌بەستن بە ئەسلی ٨٥ی یاسای بنەڕەتی و بێ پەسندکردنی لە مەجلیسی شۆرای ئیسلامی بەڕێوە بچێت.

رێکەوتی ١٥ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی بە هۆی ئاگری گرتنی کوورەی نەوتی لە پۆلی چوارەمی سەرەتایی قوتابخانەی گوندی شیناوێ ٢٨ کەس لە کچە قوتابیانی ئەو گوندەی سەر بە شاری پیرانشار تووشی سووتان بوون و دوو کەس لە قوتابیانە بە ناوەکانی سەیران یەگانە و سارینا رەسووڵ‌زادە بە هۆی سووتان گیانیان لە دەست دا.

ئاویەر. ت