کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دێمپسی: رێژیمی ئێران پشتیوانی تێرۆریزمی نێودەوڵەتییە

15:40 - 4 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: سەرۆکی ستادی هاوبەشی هێزە چەکدارەکانی ئامریکا، رێژیمی ئێران بەردەوام یەکێک لە سەرەکیترین پشتیوانانی تێرۆریزمی نێودەوڵەتییە.
هەواڵدەرییە بیانییەکان لە زاری ماڵپەڕی وەزارەتی بەرگریی ئامریکا بڵاویان کردووەتەوە کە ژێنراڵ مارتین دێمپسی، سەرۆکی ستادی هاوبەشی هێزە چەکدارەکانی ئامریکا رایگەیاندووە: سەرەڕای نیگەرانی سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی رێژیمی ئێران، پشتیوانی ئەم رێژیمە لە تیرۆریزمیش سەرچاوەیەکی نیگەرانییە.

سەرۆکی ستادی هاوبەشی هێزە چەکدارەکانی ئامریکا لە قسەکانیدا جەختی کردووەتەوە کە ئامریکا لە هەوڵی ئەوە دایە کە لە رێگەی وتووێژەوە کۆتایی بە پرسی ناوکیی رێژیمی ئێران بێنێت، بەڵام کۆمەڵێک کێشەی دیکە بوونەتە هۆی نیگەرانی دەوڵەتی ئامریکا.

مارتین دێمپسی لە قسەکانیدا جەختی کردووە کە یەکێکی دیکە لە سەرەکیترین نیگەرانی ئامریکا سەبارەت بە رێژیمی ئێران، پشتیوانی رێژیمی ئێران لە تێرۆریزمی نێودەوڵەتییە.

لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو، دەریادار جان کێربی، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئامریکا رایگەیاند: رێژیمی ئێران بەو لق و پۆیانەی کە لە سەرتاسەری ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیەتی، ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکەی تێکداوە و ئامریکا بە شێوازێکی تایبەتی لە چالاکی و رۆڵی تێکدەرانەی رێژیمی ئێران نیگەرانە.

هەروەها هیوشێلتۆن سەرۆکی پێشووی ستادی هاوبەشی هیزە چەکدارەکانی ئامریکا لە وتووێژێکدا لەگەڵ تەلەفیزیۆنی بلۆمبێرگ رایگەیاند: ئەگەرچی داعش دیاردەیەکی نوێیە، بەڵام رێژیمی ئێران ماوەی ٣٥ ساڵە وەکوو زڕباوکی داعش هەڵسوکەوتی کردووە و ئەو کارەی رێژیمی ئێران لە ناوخۆی وڵات ئەنجامی دەدات هەمان کارە کە گرووپی تێرۆریستیی داعش دژی جیهان لە دەرەوەی وڵات ئێستا ئەنجامی دەدات.

سێناتۆر جان مەک‌کین، سەرۆکی کۆمیتەی هێزە چەکدارەکانی ئامریکا، هاوکاریی رێژیمی ئێرانی لەگەڵ رێژیمی بەشار ئەسەد لە سەرکوتی خەڵک و پشتیوانی هەمەلایەنە لە بەشار ئەسەد، رێژیمی ئێران لە میلیشاکانی یەمەن و عێراق و دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتانی دیکەی مەحکووم کردبوو و دەستێوەردانەکانی رێژیمی ئێرانی بە سەرەکیترین هۆکاری ناسەقامگیری ناوچەکە وەسف کردبوو.

کارناسانی پرسە سیاسییەکان لەو باوەڕەدان کە رێژیمی ئێران هەروەها لە سەرەکیترین پشتیوانانی گرووپی تێرۆریستی لە جیهان و بەتایبەت ناوچەکەدا و هەروەها لە سەرەکیترین پیشێلکارەکانی مافی مرۆڤە، بەڵام بە هۆی دانوستانە ناوکییەکان، پێشێلکاری مافی مرۆڤ لەلایەن ئێرانەوە و رۆڵی ناسەقامگیری ئەم رێژیمە لەلایەن کۆمەڵگای جیهانیەوە چاوپۆشی لێ کردرێت.

ئاویەر.ت