کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەرکرانی دیپلۆماتی رێژیمی ئێران لە ئۆروگوە بە گومانی پەیوەندی لەگەڵ تەقینەوەی مۆنتە ڤیدئۆ

20:01 - 18 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: دوای لێکۆڵینەوەی رێکخراوی هەواڵگریی وڵاتی ئۆروگوە، ئەو وڵاتە دیپلۆماتی پایەبەرزی رێژیمی ئێرانی دەرکرد.
رۆژنامەی هائارێتس لەو پەیوەندییەدا بڵاوی کردووەتەوە کە ئەو وڵاتەی ئامریکای لاتین بە گومانی پەیوەندی لەگەڵ تەقینەوەی چوار حەوتووی پێش لە مۆنتە ڤیدئۆ، ئەو دیپلۆماتەی رێژیمی ئیسلامی دەرکردووە و ئەو بابەتەی بە ئیسرئیلیش راگەیاندووە.

لە تەقینەوەی رێکەوتی ٨ی ژانویە لە مۆنتە ڤیدئۆ، کەسێک خەساری پێنەگەییوە و زیانێکی ماڵی زۆریشی بەدواوە نەبووە و شوێنی تەقینەوەکە لە تەنیشت ناوەندی بازرگانی جیهانی پێتەختی ئۆروگوە بووە.

باڵوێزخانەی ئیسرائیل لە تەبەقەی نۆهەمی ئەو بینایەدایە و دوای تەقینەوە لەو رۆژەدا، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئۆروگوە ئەو باڵوێزخانەیە بە شێوەی کاتی داخرا.

هائارێتس بڵاوی کردووەتەوە: رێژیمی ئێران و حیزبووڵڵا لە ساڵانی رابردوودا بناغەی تێرۆریستییان لە ئامریکای لاتین بەهێز کردووە و لە نێوان کٶچبەرە شیعەکانی دانیشتووی ئارژانتین، بەرازیل و پاراگۆئە ئەندامگیریی بەرینیان کردووە.

هەروەها ئەو رۆژنامە ئیسرائیلییە نووسیویەتی: ئەو بناغە تێرۆریستییە چەندین ساڵ لەمەوبەر داڕێژرابوو و لە نیوەی دەیەی نەوەدی زایینیدا، سەرەتا باڵوێزخانەی ئیسرائیل و پاشان ناوەندی هاریکاریی جوولەکەکان لە ئارژانتین تەقێندراوە.

زەرنە. ک