کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەست‌وپەیوەندییەکانی رێژیمی ئیسلامی لە هەوڵی پێشگیری لە بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی نەورۆز دانە

16:14 - 28 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە رێگەی مزگەوتەوە، لەلایەن مامۆستا ئایینی و دەست‌وپەیوەندییەکانی رێژیمەوە، لە هەوڵ دایە کە رێگری لە بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی تایبەتی نەورۆز لە کوردستان بکات.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە ماوەی رابردوودا، رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە رێگەی ناوەند و دەست‌وپەیوەندییەکانییەوە بە شێوەی هەمە لایەنە لە هەوڵ دایە کە رێگری لە بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی تایبەتی نەورۆز بکات.

راپۆرتەکان لە سەقز باس لەوە دەکەن کە لە رۆژی هەینی حەفتەی رابردوودا، یەکێک لە مەلاکانی سەر بە رێژیمی ئێران بە ناوی مەلا محەممەد لە مزگەوتی ساڵح‌ئاوای ئەم شارە، بە شێوەی بەردەوام بە دژی جێژنی نەورۆز قسە دەکات.

لەم پەیوەندییەدا هاووڵاتییەکی کورد بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا راگەیاند: مەلا محەممەد کە لە مەلاکانی سەر بە رێژیمی ئیسلامیی ئێرانە لە قسەکانی خۆیدا لە مزگەوتی ساڵح ئاوا، جێژنی نەورۆز کە جێژنێکی نەتەوەیی کوردە حەرامە و ئاگری لە بۆنە پیرۆزەکانی کافر لە قەڵەم داوە.
ئەم هاووڵاتییە کوردە جەختی لە سەر ئەوە کردووە کە مەلا محەممەد لە بیری مەزهەبی هاووڵاتییان کەڵکاژوو دەکات، و رایگەیاند: دەست‌وپەیوەندییەکانی رێژیم لە قسەکانیاندا رایانگەیاندووە، کەسانێک کە ئاگری نەورۆز بکەنەوە کافرن و بەم شێوەیە لە پێناو سیاسەتەکانی رێژیمدا لە هەوڵدان کە رێگری لە پێشوازی هاووڵاتییانی کورد لە جێژنی نەتەوەیی نەورۆز بکەن.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیای راگەیاندووە کە: مزگەوتی ساڵح‌ئاوا، بەردەوام لەلایەن سەلەفییە توندڕەوەکان و کەسانی سەربە رێژیمی ئێران ئیدارە دەکرێت و مەلا محەممەدیش لە دەست‌وپەیوەندییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانە کە لە چوارچێوەی بیروڕای ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیم کار و چالاکی دەکات.

لە حاڵێکدا هەوڵە هەمەلایەنەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە شێوەی جۆراوجۆر لە پێناو رێگرتن لە بە بەڕێوەچوونی جێژنی نەورۆز و چووارشەممە سووری بەردەوامە، هاووڵاتییانی کورد، رۆژی رابردوو لە زۆربەی ناوچە کوردنشینەکان بە شێوەیەکی بەرچاو بە داگرساندنی ئاگر، بەرەوپیری ساڵی نوێ چوونە.

ئاویەر.ت