کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەڵالێکی ئێرانی- کانادایی به تاوانی دەوردانی گەمارۆکانی ڕێژیمی ئێران به زیندان مەحکووم کرا

15:56 - 25 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: دادگای نیویۆرک، هاووڵاتێکی ئێرانی- کانادایی که بۆ دەوردانی گەمارۆکانی سەپێندراو بە سەر ڕێژیمی ئێران هەوڵی داوە، به زیندان مەحکووم کردووە.

دادگای ناوچەی باشووری نیویۆرک، ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٤ سەرماوەزی ١٣٩٦ هەتاوی، عەلی سووفی هاووڵاتییەکی ئێرانی- کانادایی به تاوانی هەوڵدان و بەرنامە داڕشتن بۆ دەوردانی گەمارۆکانی سەپێندراو بەسەر ڕێژیمی ئێران، به ٣٢ مانگ زیندان مەحکووم کردووە.

دادگای نیویۆرک به بڵاوکردنی ڕاگەیندراوێک لە سەر بڕیاری زیندانی کردنی عەلی سووفی ئاشکرای کردووە که ئەو هاووڵاتییە ئێرانی- کاناداییە، له ساڵی ٢٠١٤ هەتا ٢٠١٦ی هەتاوی، کەلوپەلی نیزامی به شێوەی نائاسایی و بەبێ ‌مۆڵەت له ئامریکاوە کڕیوە و به ڕێگەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بۆ ئێرانی ناردووە.

ئەو تاوانبارە له ڕۆژی ٧ی سپتامبری ٢٠١٧ی زایینی، له بەرانبەر نلسون ڕۆمەن قازی دادگا، دانی به تاوانەکانی خۆیدا ناوە و جیا له ٣٢ مانگ زیندان، به ساڵێک ژیان له ژێر چاوەدێری پولیس، مەحکووم کراوە.

لە لایەکی دیکەشەوە وزارەتی دادی ئامریکا ڕایگەیاندووە، که عەلی سووفی به شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ وەکوو کارپەردازی سپای پاسداران لە بواری کڕین و فرۆشتنی چەکوچۆڵ دەڵاڵی کردووە و بە دوای کڕینی پارچەکانی باڵفڕ و تانک و چەکی پێشکەوتوو بووە.