کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راپۆرت/ دوایین بارودۆخی منداڵانی قوربانیی تەقینەوەی خۆمپارەی سەردەمی شەڕ لە مێهران

13:31 - 18 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: راپۆرت گەلێک سەبارەت بە بڕینەوەی لاقێک و ئەگەری بڕینەوەی دووهەمین لاقی قوتابییەک و هەروەها نەشتەرگەری چاوی قوتابییەکی برینداری تەقینەوەی خۆمپارەی نەتەقیوی سەردەمی شەڕ لە سنووری مێهران، بڵاو کراونەتەوە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، دوانیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٠ی رەشەمە، بە هۆی تەقینەوەی گولـلە خۆمپارەی نەتەقیوی سەردەمی شەڕی رێژیمی ئێران و عێراق لە یەکێک لە ناوچەکانی شاری مێهران سەر بە پارێزگای ئیلام، ٥ قوتابیی کورد بریندار بوون و بۆ نەخۆشخانە گواستراونەتەوە.

شوناسی ئەم ٥ قوتابییە ئەمیر محەممەد تەمەن ٨ ساڵە، ئەمیر حوسێن پەیکانی تەمەن ١١ ساڵە کوڕی یەدوڵـلا، محەممەد و مەهدی باباخانی تەمەن ٧ و ٨ ساڵە کوڕی عەلیمەرادن و هادی مەلەکیان تەمەن ١٠ ساڵە کوڕی کەرەم راگەیەندراوە.

هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە بارودۆخی دوو کەس لەو قوتابیانەناجێگیرە و بۆ نەخۆشخانە گواستراوەنەتەوە.

راپۆرتەکان بڵاوکراوەکان باس لە خراپتربوونی بارودۆخی چەند کەس لە برینداربوانی تەقینەوەی خۆمپارەی نەتەقیوی دەورانی شەڕی ریژیمی ئێران و عێراق دەکەن و لەم راپۆرتانەدا جەخت کرا بووە کە بە هۆی نەبوونی پزێشکی پسپۆڕ و کەمیی کەرەستەی دەرمانی، بریندارەکان لە سنووری ئیلام بۆ نەخۆشخانەی ئەهواز گوستراونەتەوە.

پاش چوار رۆژ لە تەقینەوەی گولـلەی نەتەقیوی خۆمپارەی دەورانی شەڕ لە میهران، سێ کەس لە قوتابیانی قوتابخانەی سەرەتایی میرئاوا کە رۆژی یەکشەممە بە هۆی تەقینەوەی گولـلەی خۆمپارە لە سنووری میهران بریندار بوون لە بەشی ICUی نەخۆشخانەی تاڵەقانی ئەهواز بەستەری کراون.

موجتەبا خالیدی، وتەبێژی فریاکەوتنی ئێران سەبارەت بە بارودۆخی بریندارەکان رایگەیاندووە: ئەگەری ئەوە هەیە کە لاقی ئەمیر حوسێن پەیکانی قوتابیی تەمەن ١١ ساڵ لە نەخۆشخانەی گولستانی ئەهواز ببڕدرێتەوە.
ئەو بەرپرسەی رێژیم هەروەها لە هەواڵێکدا رایگەیاندبوو لە چاوی قوتابییەک بە ناوی مەهەدی باباخانی لە نەشتەرگەریەکدا لە نەخۆشخانەی حەزرەتی رەسووڵ شتیان دەرهێناوە.
راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن سەرەڕای تێپەڕبوونی حەفتەیەک لە تەقینەوەی مینی بەجێماوی شەڕی ئێران و عێراق ٤ منداڵی زیان پێگەیو بەم رووداوە لە بەشی ئای سی یودا لە ژێر چاوەدێری تایبەت دانە.

ئەم قوتابییە لە دەم‌وچاو، جەستە، ئەندامەکانی سەرووی جەستە تووشی سووتانی لەسەدا٣٠ هەتا ٦٠ بوونە.

سەرۆکی ئەو نەخۆشخانەیەی کە قوتابیانی کوردی ئەم رووداوە لەوێ بەستەری کراون رایگەیاندووە، محەممەدهادی مەلەکیان پێویستە لاقی راستی ببردرێتەوە وهەروەها ئەگەری بڕینەوەی لاقی چەپیشی هەیە.

قەڵاکونجان چەم لە ١٥ کیلۆمیتری باکووری شاری مێهران و لە جاددەی ئیلام – مێهران لە رێگەی کەربەلا هەڵکەوتووە.

یەک میلیۆن و ٧٠٠ هەزار هێکتار زەوی لە پارێزگای ئیلام مینی چێندراوی لێ بەجێماوە و رێژیم ئیسلامیی ئێران هەتا ئێستا بە جاڕنامەی ئوتاوا ( جاڕنامەی قەدەغە کردنی کەڵک وەرگرتن، راگرتن، بەرهەمهێنان و گواستنەوەی مین) و جاڕنامەی ئوسلو (جاڕنامەی کەڵک وەرنەگرتن لە بۆمبی هۆشەیی)ی واژۆ نەکردووە.

بەپێی جاڕنەمای ئەتاوا دەوڵەتەکان دەبێ پاش تێپەڕ بوونی ١٠ ساڵ لە شەڕ تەواوی زەوی و زارەکان لە مین خاوێن بکەنەوە.

ئاویەر.ت