کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رووداوی کار، گیانی کرێکارێکی کوردی ستاند

15:54 - 21 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: محەممەد سادق میری وەستاکاریی بیناسازیی کوردی خەڵکی سەقز بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایی گیانی لە دەست دا.

بەپێی راپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، سەر لە بەیانیی رۆژی رابردوو رێکەوتی ٢٠ی رەشەمەی ١٣٩٣ی هەتاوی، وەستاکارێکی کوردی خەڵکی سەقز، بە هۆی نەبوونی ئیمەنی لە شوێنی کارەکەی، تووشی رووداوی کار بووە و لە چێوبەست بەربووەتەوە.

ئەم هاووڵاتییە کورد،ە لە پرۆژەیەکی بیناسازی لە شەهرەکی گوڵانی سەقز، بە هۆی بەربوونەوە لە چێوبەست، پاش گواستنەوە بۆ نەخۆشخانە، گیانی لە دەست داوە.

چەنە رۆژ پێش ئێستاش، بە هۆی ئەوەی کە داڕمانی بەرد لە تونێلێکدا راگەیەندراوە، کرێکارێکی کورد بە ناوی عەلی مووسازادە خەڵکی شاری دەڕە شاری ئیلام گیانی لە دەست داوە.

بە پشت بەستن بە ئامارەکانی پزشکی یاسایی، لە ماوەی ٩ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، لە سێ پارێزگای کوردنشینی کرماشان، ئورمیە و کوردستان زیاتر لە ١٠٠ کرێکاری کورد بە هۆی رووداوی کار گیانیان لە دەست داوە.

بەپێی ئامارەکان، لە دەستپێکی مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵەوە هەتا کۆتایی مانگی سەرماوەز، لە پارێزگای کرماشان ٦٠ کەس بە هۆی رووداوی کار گیانیان لە دەست داوە.

ئامارەکانی پزێشکی یاسایی باس لەوە دەکەن کە لە پارێزگای کوردستان، لە ماوەی ٩ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، ١٢ کەس بە هۆی رووداوی کار گیانیان لە دەست داوە.

هەروەها، رووداوی کار لە پارێزگای ئورمیە لە ماوەی ٩ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، گیان لەدەستدانی ٣٢ کرێکاری بە دواوە بووە.

پێشتر راگەیەندرابوو کە رووداوی کار لە ماوەی ٩ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا لە ئێران، گیانی یەک هەزار و ٥٠٦ کرێکاری گرتووە.

هەروەها ئاماری پزیشکی یاسایی دەرخەری ئەوەیە کە لەو یەک هەزار و ٥٠٦ کەسەی کە بە هۆی رووداوی کارەوە لەو ماوەیەدا گیانیان لە دەست داوە و هەروەها لەو ماوەیەدا ٢٢ هەزار و ٩٤٩ کرێکار بریندار بوون.

رەوتی بەرز بوونەوەی قوربانیانی رووداوی کار لە ساڵەکانی رابردوودا و هەڵکشانی ئەم ئامارانە لە ٦٩٧ گیان‌لەدەستدان لە ساڵی ١٣٨٣ی هەتاوی بۆ یەک هەزار و ٥٠٦ کرێکار لە ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی، دەرخەری بارودۆخی نالەبار و نەبوونی ئەمنییەتی کارگەکان و کارخانەکان و جێبەجێ نەکردنی ئیمەنیی پێویست لەلایەن کارفەرمایانەوەیە.

ئاویەر.ت