کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێبەری رێژیمی ئێران پێداگری لەسەر نەگۆڕبوونی سیاسەتی ئێران لەبەرانبەر ئامریکا کردەوە

16:50 - 28 پووشپەڕ 2715

کوردستان میدیا: پاش رێککەوتنی وڵاتانی رۆژئاوا لەگەڵ رێژیمی ئێران، خامنەیی رێبەری ئەو رێژیمە لە وتەکانی لە رۆژی جێژنی رەمەزاندا رایگەیاندووە، کە دانوستانی ناوکیی لەگەڵ ئامریکا بە پێی بەرژەوەندیی بووە، هەروەها وتوویەتی، کە سیاسەتی رێژیمی ئێران لە بەرانبەری ئامریکا بە هیچ شێوەیەک ناگۆڕدرێت.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێبەری رێژیمی ئیسلامیی رایگەیاندووە، رێککەوتنی ناوکیی ئێران و گرووپی ١+٥ چ پەسند بکرێت و چ پەسند نەکرێت، ئێزن بە کەس نادەین هیچ جۆرە کەڵک ئاژۆیەک لەم رێککەوتنە وەربگرێت ئەسڵی نیزامی ئیسلامی خەوشەدار بکات، هەروەها جەختی کردووەتەوە کە رێژیمی ئیسلامیی ئێران لەگەڵ ئامریکا سەبارەت بە مەسەلە جۆراوجۆرە جیهانییەکان دوو لایەنە دانوستان ناکات.

ئەمە لەحاڵێکدایە کە چەند رۆژ لەمەوبەر هاشمی رەفسەنجانی، بەرپرسی گشتیی کٶڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی نیزام لە وتووێژێکی رۆژنامەوانیدا وتبووی، دانوستانەکان لەگەڵ ئامریکا تابۆ شکێنییە و رێککەوتنی ناوکیی دەتوانێت کاریگەری ئەرێنی لەسەر بیروڕای خەڵکی ئێران دابنێت. ناوبراو تەنانەت کردنەوەی باڵوێزخانەی ئامریکای لە تاران بە دوور لەچاوەڕوانی نەزانیبوو.

لەلایەکی دیکەوە باراک ئۆباما، سەرکۆماری ئامریکا باسی لەوە کردبووە ئەگەر بێت و ئێران رێککەتنەکان پێشێل بکات ئەوە لەگەڵ ئەنجامی خراب بەرەوڕوو دەبێتەوە.

هاوکات ئۆباما ئەوەشی خستبوویەڕوو، رێککەوتن لەگەڵ ئێران بە مانای کۆتایی هاتن بە ناکۆکییەکان نیە و ئەو رێژیمەی بە پشتیوانی تیرۆریزم لەقەڵەم دابوو.

پێشتریش جۆ بایدین، جێگری سەرکۆماری ئامریکا وتبووی کە رێکاریی نیزامی بە دژی بەرنامە ناوکییەکەی ئێران وەکوو خۆی ماوەتەوە.

لەو پێوەندییەدا، سەرۆک‌ وەزیری بریتانیایش، رۆژی هەینی ئاشکرای کردبوو، رێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ ئێران بە مانای هاوپەیمانیەتی لەگەڵ تاران نیە.

ماوەیەک لەمەوبەر جان بنێر ئەندامی کۆنگرە و وتەبێژی کۆماریخوازانی مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکایش لە بەیاننامەیەکدا خوازیاری کەڵک وەرگرتن لە خاڵی نیزامی بەدژی رێژیمی ئێران ببوو.

میچ مەک‌کانێل پێشتریش ئاماژەی بە رۆڵی تێکدەری رێژیمی ئێران لە ناوچە و تێکدانی سەقامگیری دابوو.