کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێژیمی ئێران لە هەوڵی دەور لێدانەوەی گەمارۆکان لە رێگەی هیندەوەیە

12:47 - 22 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: رێژیمی ئێران لە رێگەی گرووپێکی ٩ کەسییەوە لە هێند، لە هەوڵی دەورلێدانەوەی گەمارۆ ئابوورییەکاندایە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بە دەرکەوتنی هەوڵ و تەقالاکانی رێژیمی ئێران بۆ دەورلێدانەوەی گەمارۆ ئابوورییەکان لە رێگەی بانکێکی هێندەوە، بانکی ناوەندی هێند بە بانکەکانی ئەم وڵاتەی راگەیاندووە هەتا چاوەدێریی خۆیان زیاتر بکەن.

بەپێی ئەم راپۆرتە، دەوترێت کە گەندەڵییەکی ٣/٣ میلیارد دولاری ئەنجام دراوە.

لێکۆڵینەوەکان لەلایەن دەوڵەتی هێندەوە دەرخەری ئەوەن کە گرووپێکی ٩ کەسی ئێرانی کە بە پاسپۆڕتی خوێندکارییەوە لە هێند دانیشتوون؛ کۆمپانیایەکی روومالییان کردەوەتەوە هەتا ئەو بڕە پارەیە لە بانکی یو. سی. او وەربگرن.

پاش داسەپاندنی گەمارۆ ئابوورییەکانی ئامریکا و و یەکییەتی ئورووپا، رێژیمی ئێران بە شێوەی جۆراوجۆر لە هەوڵی دەورلێدانەوەی گەمارۆ ئابووریە داسەپاوەکان بووە.

لە ساڵی ٢٠١٢ی زایینی هاوردە نەوتییەکان و کڕینی نەوتی خاوی ئێران لەلایەن ئامریکاوە و یەکییەتی ئورووپاوە خرایە ناو لیستەی گەمارۆ ئابوورییە نێودەوڵەتییەکان.

پاس داسەپاندنی گەمارۆی شیرکەتی نەوت و دانانی کاریگەری خراپ لە سەر ئابووریی ئێران، رێژیمی ئێسلامی ئێران بەردەوام لەلایەن وڵاتانی دیکەوە هەوڵیداوە کە گەمارۆ ئابوورییە نەوتییەکان دەور لێبداتەوە.

رێژیم بە کوژانەوەی تۆڕی زانیاریی ناسراو بە ( سامانە رهگیرییەکان) فرۆشی نەوت لە رێگەی کەشتی بە کەشتی، کەڵک وەرگرتن لە بەندەرە لە پەراوێز هەڵکەوتووەکان و ئاوێتە کردنی بەرهەمی نەوتی ئێران لەگەڵ بەرهەمی وڵاتانی دیکە و گوڕینی پێناسەی کەشتییەکان، بەرهەمی نەوتی خۆی هەناردەی بازاڕی فرۆشتن دەکات.

لەم پەیوەندییەدا، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا راپۆرتێک لەلایەن هەواڵدەریی رۆیترز سەبارەت بە دەورلێدانەوەی گەمارۆ ئابوورییە کان لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە لە رێگەی وڵاتی عێراقەوە بڵاو کرایەوە.

بەپێی ئەم راپۆرتە، بەرهەمی نەوتی ئێران لە خاکی عێراق دەفرۆشترێت.

هەروەها، هەوڵی رێژیمی ئێران بۆ گەڕاندنەوەی ناوی شیرکەتی میللی نەوتکێشی ئێران لە لیستەی گەمارۆ ئابوورییەکانی ئوروپا، ئاکامێکی نەبووە و یەکییەتی ئورووپا دەیەوێت کە ناوی شیرکەتی میللی نەوتکێش بۆ لیستەی گەمارۆ ئابوورییەکان بگەڕێنێتەوە.

ئاویەر.ت