کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێژیمی ئێران کەشتییەکی هەڵگری ٦٠هەزار تۆن نەوتی بۆ گرووپی چەکدارانی حووسی لە یەمەن بەڕێکرد

15:12 - 9 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: سەرچاوە ئەمنی و نیزامییەکانی یەمەن لە حدیدە ئەوەیان دەرخستوە کە رێژیمی ئێران کەشتییەکی هەڵگری ٦٠ هەزار تۆن نەوتی بۆ گرووپی چەکدارانی حووسییەکان بەڕێکردوە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، تەلەڤیزیونی الجزیرە بڵاوی کردووەتەوە کە کەشتییەکی هەڵگری ٦٠ هەزار تۆن نەوتی رێژیمی ئێران لە نزیک بەندەری حەدیدە پاڵ کەوتووە.

بەپێی ئەم سەرچاوەیە، پێشتر گرووپی حووسی، بەندەری حەدیدەی خستە ژێر رکێفی خۆی و محەممەد ئێسحاق بەرپرسی بەندەری حەدیدەی لابرد و کەسێکی ناسراو بە جەماڵ عایشی کە لە لایەنگرانی خۆی بوو لەوێ داناوە.

هەروەها پێشتریش،عەبد رەبە مەنسوور هادی سەرکۆماری یەمەن، لەمەڕ دەستێوەدانی رێژیمی ئێران لە کاروباری نێوخۆیی ئەم وڵاتە، هوشداری بە رێژیمی ئێران دابوو.

بەپێی ئەم راپۆرتە، بەرپرسانی وڵاتی یەمەن رایانگەیاندووە کە رێژیمی ئێران بەردەوام دەستێوەردان لە کاروباری ئەو وڵاتە دەکات و ئێستاش یارمەتی چەک و چۆڵ و یارمەتی نەوتی و ئابووری بە گرووپی شێعەی شەڕخوازی حوسی دەگەیەنێت.

پێشتریش، بەرپرسێکی یەمەنی رایگەیاندبوو: پشتیوانیی نیزامیی رێژیمی ئێران بووەتە هۆی جێگربوون و مانەوەی حوسییەکان لە وڵاتی یەمەن و ئەو رێژیمە چەک و تەقەمەنی بۆ ئەو گرووپە چەکدارە شێعە مەزهەبە ناردووە و هەروەها لە رێگای چاوپێکەوتن لەگەڵ رێبەرانی ئەو گرووپە لە دەرەوەی وڵات، پشتیوانیی ماڵیشیان لێدەکات.

لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، رێژیمی ئێران بە هەڵگرتنی هەنگاوگەلێک وەک یارمەتی چەک وچۆڵ، ئابووری، راهێنانی نیزامی ئەندامانی گرووپە میلیشیاکان و هەروەها زیادکردنی باندە سیخورییەکان لە وڵاتانی ناوچەکەدا، بەردەوام رەخنەی لێگیراوە.

کازیوە.ر