کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێژەی ژنانی \"سواڵکەر\" لەئێران رووی لەزیادبوون کردووە

15:08 - 23 پووشپەڕ 2715

کوردستان میدیا: رێژەی ژنانی سواڵکەر لەئێران رووی لەزیاد بوونە بە شێوەیەک کە لەسەدا ٣٧ی ژنان ئێران بە هۆی نەداری و دەسکورتییەوە خەریکی سواڵ کردنن.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لەئێران رێژەی ژنانی سواڵکەر هێلەسوورەکانی بەزاندووە و ئەمە لەحاڵیکدایە کە بەرپرسانی رێژیمی ئێران سەبارە بە دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ کەم کردنەوەی ئەو دیاردەیە هیچ هەنگاوێکیان هەڵنەگرتووە.

ئەگەرچی ئاماری دیاریکراو و دروست هیچکات لەلایەن ناوەندە پێوەندیدارەکانی رێژیمی ئێرانەوە بڵاو نەکراوەتەوە بەڵام ئامارە نافەرمییەکان باس لە زیادبوونی ئەو رێژەیە دەکەن.

لەلایەکی دیکەوە و لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا، رێژەی بێکاری لەنێوان ژناندا زیادی کردوە و ئەوەش کاریگەریی لەسەر سواڵ کردنی ئەو توێژەی لەکۆمەڵگەدا داناوە.

گەمارۆکانی وڵاتانی ئورووپایی و ئەمریکا لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا خەسارێکی قەرەبوو نەکراوەی بە ئابووری ئێران گەیاندووە و بە باوەڕی کارناسان ئەمەش سەرەکیترین هۆکارە بۆ نەبوونی هەلی کارو زۆربوونی رێژەی بێکاریی.

گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ئێران بووەتە هۆی ئەوەی زۆربەی یەکە بەرهەمهێنەر و پیشەییەکان دابخرێن و یان بە شێوەی نیوە چالاکیان لێ بێت.

نەبوونی کەش و هەوای لەبار بۆ ژیان، کەمی کات بۆ پێڕاگەیشتن بە ئەندامانی بنەماڵە و بەتایبەت منداڵان و لە ئاکامدا خەساری دۆخی رەوانی ئەندامانی بنەماڵە، نەبوونی سەرپەنا، کەمیی داهات و بێکاری، کێشەگەلێکن کە ژنان بە تایبەت ژنانی سەرپەرەستی بنەماڵە لە ئێران لەگەڵی بەرەوڕوون.

نەخوێندەواری، شارەزا نەبوون لەرشتەیەکی دیاریکراو، نەبوونی یاسای دیاریکراو بۆ پشتیوانی لە بنەماڵە، تێڕوانینی خرابی دەسەڵاتداران بۆ سەر ژنانیش لەو کێشانەی دیکەن کە ژنانی لەگەڵ ئاریشە بەرەوڕوو کردووەتەوە.

ئامارەکان دەرخەری ئەوەن کە لە سەدا ٦٢ی ژنان خاوەنی ماڵ و منداڵن و لە کۆی گشتیی ئەو رێژەیەش ژمارەیەکی بەرچاوییان کەڵک لەمادە سڕکەرەکان وەردەگرن کە تەمەنیان لە نێوان ١٥ بۆ ١٩ ساڵ دایە.

ئامارە فەرمییەکان باس لەوە دەکەن، لە ساڵی ١٣٨٥ی هەتاویدا، لانیکەم لە سەدا ٥ی تووشبووان بە ماددە هۆشبەرەکانی ئێران ژنان بوون و ئێستاش ئەو رێژەیە گەیشتووەتە لەسەدا ١٠.

بە گشتی ١ میلیۆن و ٣٢٥ هەزار هاووڵاتیی لە ئێراندا مادەی هۆشبەر بەکار دێنن کە لە کۆی گشتی ئەو رێژەیە ٧٠٠ هەزار کەسیان تەنیا بۆ خۆشی و بەسەر بردنی کاتێکی خۆش ئەو مادەیە بەکار دێنن، هەرچەندە ئامارە نافەرمییەکان باس لەرێژەیەکی زۆر زیاتر دەکات.