کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زۆرانباز و راهێنەری کورد وڵاتی کۆماری ئازەربایجانیان گەیاندە لووتکەی قارەمانیەتیی جیهان

19:06 - 2 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: جەمشید خەیرئابادی، راهێنەری کوردی تیمی هەڵبژاردەی ئازەربایجان و هەروەها زۆرانبازێکی کوردی ئەو هەلبژاردەیە پلەی یەکەمی قارەمانیەتی جیهانیان لە کێبڕکێی زۆرانی فەرەنگیدا بۆ هەڵبژاردەی ئازەربایجان بە دەست هێنا.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە چوارچێوەی زۆرانبازیی فەرەنگیی جیهاندا کە لە تاران بەڕێوەچوو، تیمی زۆرانبازیی ئازەربایجان بە راهێنەریی جەمشید خەیرئابادی و بە ئاستی بەرزی ئامادەیی زۆرانبازێکی کوردی نێو ئەو هەڵبژاردەیە، توانی پلەی یەکەمی جیهانی بۆ خۆی مسۆگەر بکەن.

بەپێی ئەو راپۆرتە تیمیهەڵبژاردەی وڵاتی ئازەربایجان بە رێنوێنی جەمشید خەیرئابادی و بەشێکی دیکە لە راهێنەرانی کوردستانی بە سەرکەوتن بەسەر تیمەکانی ئێران، رووسیە و تورکیەدا لەسەر سەکۆی قارەمانی جیهاندا راوەستا.

سەباح شەریعەتی زۆرنبازی کوردی خەڵکی سـنە بە هۆی گرینگی پێنەدان و کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ناوەندەکانی رێژیمی ئێران بە وەرزشی کوردستان و هەروەها وەلاخستنی پێگە و جێگەی وەرزشوانانی کورد، ئێرانیان بەجێهێشتووە و پەیوەست بە تیمی هەڵبژاردەی ئازەربایجان بوونە و لەم کێىڕکێیانەدا کۆڵەکەی هەرە بەهێزی ئازەربایجان بۆ قارەمانەتیەتی بوون.

هەروەها جەمشید خەیرئابادی دوای بە دەست هێنانی پلەی جیهانی لەگەڵ محەممەد بەنا بەهۆی کەمتەرخەمیی بەرپرسانی رێژیمی ئێران، راهێنەریی تیمی ئازەربایجانی وەئەستۆ گرت و لەو ماوەیەدا چەندین پلەی بەرز و پڕبایەخی بۆ تیمەکەی بەدەست هێناوە.

سامان تەهماسبی یەکێکی دیکە لە زۆرانبازانی کوردی خەڵکی کوردستان ئێرانە کە دوای بە دەست هێنانی چەندین میداڵی جۆراوجۆر لە کێبڕکێکانی جیهانیدا لە ناو تیمی هەڵبژاردەی ئێراندا لەلایەن بەرپرسانەوە وەلانرا و دواتر لەبەر ئەوەی لە وەرزشی ئێراندا مافی پێشێل کرا بوو ناچار پەیوەست بە تیمی هەڵبژاردەی ئازەربایجان بوو.

ئەو زۆرانبازە کوردە لە چوارچێوەی تیمی ئازەربایجاندا لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا لە کێبڕکێ ئاسیایی و جیهانی پلەی زۆر باشی بە دەست هێناوە و چەندین میداڵی جۆراوجۆری بەدەست هێناوە و هەروەها بۆ ماوەی دوو ساڵ وەک یەکەم زۆرانبازی یەکەمی جیهان ناسێندرا.

ئاویەر. ت