کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سعوودیە؛ ڕێژیمی ئێران هەر لە سەرەتای دامەزرانییەوە شەڕ و ئاژاوە دروست دەکات

21:02 - 11 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: عادڵ ئەلجوبەیر وەزیری دەرەوەی عەرەبستانی سعوودیە، ڕێژیمی ئێرانی بەوە تاوانبار کرد کە لوبنانی بە بارمتە گرتووە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان وەزیری دەرەوەی سعوودیە، ڕۆژی هەینی له لێداوانێکدا نیسبەت به بارودۆخی ناوچەکە باسی لە ڕۆڵی تێکدەرانەی ڕێژیمی ئێران و حیزبوڵڵا کرد و وتوویە: ئەو ڕێژیمە بە هاوکاری و پشتیوانی لە حیزبوڵڵا، لوبنانی بە بارمتە گرتووە، ئەوەش لە کاتێک دایە کە حیزبوڵڵا ڕێکخراوێکی تێرۆریستییە.

ئەلجوبەیر، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتوویە: حیزبوڵڵا لە لایەن وڵاتێکی دەرەکی پشتیوانی لێ دەکرێت و ئەو وڵاتەش ئێرانە، چونکە ڕێژیمی ئێران لە سەرەتای دامەزرانیەوە تا ئێستە لە ناوچەکەدا شەڕ و ئاژاوە دروست دەکات.

ناوبراو دۆخی لوبنانی بە خەمبار وەسف کرد و جەختیشی کردەوە، تا ڕێژیمی ئێران پشتیوانی لە حیزبوڵڵا بکات، ئاشتی لەو وڵاتە جێگیر نابێت.

ئەو بەرپرسەی سعوودیە باسی لەوەش کردووە، کە حیزبوڵڵا و گرووپە تێرۆریستییەکانی دیکە کە ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا پشتیوانیان لێ دەکات، تەنیا ویستەکانی ڕێژیمی ئێران جێبەجێ دەکەن و مەترسیدارن.

لەو پێوەندییەدا، سانا هەواڵدەریی فەرمی ڕێژێمی سووریه بڵاوی کردەوە، کە فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل چەند مووشەکێکیان ئاراستەی بنکەیەکی سەربازیی ڕێژیمی ئێران لە نزیک دمشق پێتەختی سووریه کردووە و زیانی ماددی لێ کەوتووەتەوە.

وڵاتانی عەرەبی بەتایبەت سعوودیە و هەروەها ئیسرائیل لە ماوەی ڕابردوودا، بەردەوام لە بارەی دەستێوەردان و پشتیوانی ڕێژیمی ئێران لە گرووپە تێرۆریستییەکانی ناوچەکە هوشداری دەدەن.