کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حوسییەکان و ئەلقاعدەی یەمەن پێکەوە هاوکاری دەکەن

11:18 - 16 بانەمەڕ 2724

حووسییەکانی یەمەن کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە پشتیوانییان لێ دەکرێت، بە مەبەستی گرتنەوەی ئەو ناوچانەی کە لەژێر دەستی شۆرای کاتیی باشووری یەمەندایە، لەگەڵ لقی یەمەنیی گرووپی ئەلقاعدە هاوکاری دەکەن و چەکوچۆڵیان بۆ دابین دەکەن.

بەپێی ڕاپۆڕتی ڕۆژنامەی تێلێگراف و لە زاری توێژەرانی سیاسی و سەربازییەوە حوسییەکانی سەر بە ئێران پێشتر گرووپی ئەلقاعدەی یەمەنیان وەک دوژمن چاو لێ کردووە بەڵام لە ئێستادا دڕۆنیان ڕادەستی ئەم گرووپە کردووە و هەروەها بەندکراوەکانی هەر دوو لایان ئاڵوگۆڕیان پێ کراوە.

ئەم توێژەرانە زیادیان کردووە کە هاوکارییەکانی ئەم دوو گرووپە بە هۆی شەڕی غەززەوە دەتوانێت زۆر مەترسیدار بێت و دەرئەنجامی خراپی لێ بکەوێتەوە.

لە ڕاپۆڕتەکەی تێلێگرافدا هاتووە کە ڕادەستکردنی دڕۆن بە ئەلقاعدە تەنیا بەشێکی کەم لە هاوکارییەکانی ئەم دوو گرووپەیە و حوسییەکان چەکوچۆڵی زۆر زیاتری ڕادەست کردوون.

گرووپی تێرۆریستیی ئەلقاعدەی یەمەن لەلایەن ئەمریکا و وڵاتانەوە وەک یەکێک لە مەترسیدارترین گرووپە جیهادییەکان ناسراوە کە لە ئێستادا لە ڕێگەی حوسییەکانی سەر بە ئێرانەوە چەکوچۆڵی پێشکەوتوو دەگاتە دەستیان.