کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سنە/ کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی سەبارەت بە ئاگرکەوتنەوەکانی ئاویەر بەڕێوە چوو

15:40 - 20 پووشپەڕ 2715

کوردستان میدیا: لە درێژەی رەوتی پاراستنی ژینگەی کوردستان، ژمارەیەک لە لایەنگرانی ژینگە و چالاکوانانی ژنان کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیان بە مەبەستی پشتیوانی کردن لە ژینگەی ئاویەر بەڕێوە برد.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێکەوتی ١٨ی پووشپەڕ کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیی دەربڕین بۆ مەحکووم کردنی ئەنجامدەرانی ئاگرکەوتنەوەکەی ئاویەر و دەورووبەری لەسەیرانگای گوێزەکوێری سنە ساز کراوە.

لەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەدا چالاکانی ژینگەپارێزی و چالاکانی ژنان خوازیاری ئەوە بوون کە بکەرانی ئەو ئاگرکەوتنەوەیە دەستبەسەر و سزا بدرێن.

ئاگر کەوتنەوەکەی چەند رۆژ لەمەوبەری ئاویەر لەحاڵێکدا بو کە لەکۆبوونەوەی مودیریەتی قەیرانی پاریزگای سنەدا، ئەو ئاگرکەوتنەوەیە بە ئەنقەست لەقەلەم دراوە.

رۆژی هەینی رێکەوتی ١٢ی پووشپەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی، کەس یان کەسانێکی نەناسراو ئاگرییان لەچیای ئاویەر بەردا و لە ئەنجامدا رووبەرێکی زۆر لە لێڕەوارە و دارستانەکانی ئاویەر لە ئاگردا سووتان.

بە پێی سەرچاوەکانی ئاگادار لەو رووداوە ئەو ئاگرە لە چوار لاوە لە ئاویەر بەردرابووو. 

سەیرانگای گوێزەکوێر یەکێک لەشوێنە دڵڕفێن و گەشتیارییەکان بووە کە خەسارێکی زۆری ژینگەیی پێگەیشتبوو.

ئاگر کەوتنەوەکەی ئاویەر بە هاوکاریی هاووڵاتییان و لاوانی ژینگە پارێزی پارێزگای سنە، کۆنتڕۆڵ کرا. سەرەڕای ئەوەی کە ئەو پارێزگایە بە دارستان و ناوچەی سروشتی داپۆشراوە بەڵام لە بوونی هێلی کۆپتێر بۆ رووداوی لەو چەشنە بێبەرییە.

.