کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سوپای سووریە، شاری دێرێنی پالمیرای لە دەستی داعش دەرهێنایەوە

17:13 - 7 خاکەلێوه 2716

كوردستان میدیا: بە تێپەڕبوونی نزیك بە ١١ مانگ لە داگیركرانی شاری دێرینی پالمیرا (تەدمۆر) لە لایەن ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعشەوە، سوپای سووریە كۆنتڕۆڵی تەواوی ئەو شارە و قەڵا دێرینەكەی بەدەستەوە گرت.

تەلەڤیزیۆنی حكوومەتیی سووریە بەپێی هەواڵی سەرچاوە سەربازییەكانی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند؛ سوپای ئەو وڵاتە و میلیشیاكانی سەر بە ڕێژیمی سووریە بە یارمەتیی هێزە ئاسمانییەكانی ڕووسیە توانیویانە كۆنتڕۆڵی تەواوی شاری دێرینی پالمیرا بە دەستەوە بگرن و قەڵای كەونارای ئەو شارەش بخەنە ژێر كۆنتڕۆڵی خۆیان.

شاری دێرینی پالمیرا لە ڕێكەوتی ٢٣ی مانگی مای ساڵی ٢٠١٥دا كەوتە دەستی هێزەكانی ڕێكخراوی تیرۆریستیی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش). دوابەدوای ئەو ڕووداوە هەواڵەكانی كاولكردنی ئەو شارە و ئاسەوارە مێژووییەكانی لە سەرانسەری دنیادا بڵاو بووەوە.

ڕێكخراوی تیرۆریستیی دەوڵەتی ئیسلامی پاش داگیركردنی ئەو شارە مێژووییە كە بە مرواریی بیابان ناسراوە، دەستی دایە كاولكردنی پەرستگەكان، قەبرستانەكان و پەیكەرە مێژووییەكانی ئەو شارە. هەروەها پاش داگیركردنی پالمیرا لە لایەن ڕێكخراوی داعشەوە، زنجیرەیەك ئیعدام بە بەرچاوی خەڵكەوە لە ئامفی تیاتری مێژوویی پالمیرا لە لایەن جەللادەكانی ئەو ڕێكخراوەوە بەڕێوە چوو.

خالید ئەسعەد، شوێنەوارناسی ٨٢ ساڵەی بەناوبانگی سووریە یەكێك لە قوربانیانی كردەوە دژەمرۆییەكانی داعش بوو. تیرۆریستەكانی دەوڵەتی ئیسلامی ئەو شوێنەوارناسەیان سەربڕی و تەرمەكەیان بە یەكێك لە ستوونە مێژووییەكانی شاردا هەڵواسی.