کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێ خوێندکاری دیکەی کورد لە خوێندن بێبەش بوون

13:47 - 14 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: لە درێژەی سیاسەتی سەرکوتی رێژیمی ئیسلامیی لە هەڵسوکەوت لەگەڵ نەتەوەکانی ئێران و خوێندکارانی سەر بەم نەتەوە بندەستانە، ٣ خوێندکاری دیکەی کورد لە خوێندن بێبەش کران.

بەپێی راپۆرتی مالپەڕی کوردستان میدیا، وەزارەتی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێران، سێ خوێندکاری کوردی کە لە تاقی کردنەوەی سەرتاسەریی کارناسی باڵای ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی، وەرگیرا بوون؛ لە خوێندن بێبەش کرد.

هەواڵدەریی کوردپا شوناسی ئەم سێ خوێندکارە کوردەی پووریا مەردووخ روخانی – کارناسی باڵای ئەندازیاریی میکانیک، ئەحمەد قورەیشی – کارناسی باڵای ئەندازیاری بەرق و رەشاد هۆژبەری و خەڵکی سنە راگەیاندووە.

رەشاد هۆژبەری، ئەحمەد قورەیشی و پووریا مەردووخ روحانی، لە نێوەڕاستی مانگی پووشپەڕی ١٣٩٣ی هەتاوی ئەمساڵیش، لەلایەن ئێدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێران لە سنە بانگهێشت کراون و لێپێچینەوەیان لێکرابوو.

11987.jpg

هەواڵدەریی کوردپا، هۆکاری بانگهێشتی ئەم سێ خوێندکارە کوردەی پەیوەندی تەشکیلاتی لەگەڵ مەکتەبی قورئان راگەیندراوە.

درێژەی رەوتی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ئێران و بە تایبەت کوردستان و هەروەها فەزای ئەمنییەتی داسەپاو بە سەر زانکۆکان لە حاڵێکدایە کە رۆحانی بە پێدانی بەڵێنی باشتر بوونی بارودۆخی مافی مرۆڤ و باشتر بوونی بارودۆخی زانکۆکان، وەک سەرکۆمار هاتە سەرکار.

لە پەیوەندی لەگەڵ بێبەری کردنی خوێندکاران لە خوێندن، لە سەرەتای مانگی بەفرانباری ١٣٩٣ی هەتاوی، سێ خوێندکاری کورد و چالاکانی خوێندکاری و فەرهەنگی زانکۆی تەورێز بە ناوەکانی ئومید ئەحمەدی خوێندکاری لقی کامپیۆتێر، فەرهاد شەفیع‌زادە، خوێندکاری فەلسەفە و ئیسماعیل مەحموودی خوێندکاری فەلسەفە لەلایەن کۆمیتەی ئینزباتیی زانکۆوە، ٥ تێرم لە خوێندن بێبەش کران.
سەرەڕای ئەم حاڵەتانە، لە ماوەی ٩ مانگی رابردوودا، ٥ حاڵەت بێبەری کران لە خوێندن و هەروەها ٥ حاڵەت دەرکران لە خەوتنگەی تۆمار کراوە.

ئاویەر.ت