کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێ پێشمەرگەی کوردستانی رۆژهەڵات لە شەڕی دژی داعش شەهید بوون

14:00 - 19 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا، سێ پێشمەرگەی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی رۆژهەلاتی دژ بە رێژیمی ئێران لە شەڕ دژی گرووپی تێرۆریستی داعش لە ناوچەی کەرکووک شەهید بوون.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١٨ی رەشەمەی ١٣٩٣ی هەتاوی، لە ناوچەی رۆژئاوای کەرکووک لە تێکهەڵچوونی پێشمەرگە لەگەڵ چەکدارانی گرووپی تێرۆریستی داعش، سێ پێشمەرگەی پارتی ئازادیی کوردستان شەهید بوون.

کۆمیتەی راگەیاندنی پاک(PAK) وێڕای پشتڕاست کردنەوەی هەواڵی شەهید بوونی سێ پێشمەرگەی پارتی ئازادیی کوردستان لە شەڕی دژی هێزەکانی داعش، هەروەها رایگەیاندووە: لە کاتی پڕۆسەی ئازاد کردنی رۆژئاوای کەرکووک، سەرلەبەیانی رۆژی دووشەممە، هێزەکانی پارتی ئازادی رۆڵی سەرەکییان بووە.

ئەنجامی ئەم تێکهەڵچوونانەی رۆژی رابردوو، هێرشی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ کۆنتڕۆڵ کردنەوەی ناوچەکانی کەرکووک لەژێر دەستی داعش دابوو کە ١٠ گوندی ئەو ناوچەیە لە هێزی تێرۆریستی داعش پاک کراونەتەوە.

هەواڵدەریی ئاژانسی کوردپا، شوناسی ئەو سێ پێشمەرگە شەهیدەی، دیاکۆ رەحیمی، زانکۆ کامیارانی و هێرش سەقزی راگەیاندووە.

لە ماوەی ٩ مانگی رابردوودا هەتا ئێستا چوار کەس لە پێشمەرگەکانی پارتی ئازادیی کوردستان لە شەڕ دژی گرووپی داعش شەهید بوونە.

کازیوە.ر