کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێناتۆر میچ مەک‌کانێل: سەبارەت بە دانوستانە ئەتۆمییەکان چاوپۆشی لە رەفتارەکانی رێژیمی ئێران ناکەین

19:08 - 19 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: سەرۆکی زۆرینەی کۆماریخوازەکانی سێنای ئامریکا سەرەڕای هۆشداری بە ئۆباما نیسبەت بە رێکەوتنی خراپ یا باش لەگەڵ رێژیمی ئێران، جەختی کردەوە ئۆباما بۆ لابردنی هەر گەمارۆیەکی ئابووری دژی رێژیمی ئێران پێویستی بە کۆنگرە هەیە.
بەپێی راپۆرتی هەواڵدەرییە بیانییەکان، سێناتۆر مەک‌کانێل سەرۆکی زۆرینەی کۆماریخوازەکانی لە مەجلیسی سێنای ئامریکا سەرەڕای ئەوەیکە جەختی کردەوە کە ئۆباما بۆ هەمیشە گەمارۆکان دەور لێ بداتەوە هیوای خواست کە ٦٧ کەس لە ١٠٠ سێناتۆری سێنا بۆ رۆڵی مێژوویی سێنا و دەنگی ڤێتۆ نەکراو لەلایەن سەرکۆماری نیسبەت بە پابەندکردنی دوڵەتی ئامریکا بۆ تەئیدی ئەگەری رێکەوتنی ناوکی لەگەڵ رێژیمی ئێران هاودەنگ و یەکڕیز بن.

بەپێی راپۆرتەکان، هەنووکە ٦٤ سێناتۆری ئامریکایی لە گەڵاڵەی کۆنگرە، کە بەپێی ئەو گەڵاڵەیە هەر جۆرە مامەڵەی ناوکی لەگەڵ رێژیمی ئێران لەلایەن دەوڵەتی باراک ئۆباما سەرەتا دەبێ لەلایەن نوێنەرانی ئامریکا پەسند بکرێت، پشتیوانی دەکەن.

سەرۆکی کۆماریخوازەکانی مەجلیسی سێنا لە درێژەدا بە ئاماژە بە رۆڵی تێکدەرانەی رێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا و تێکدانی سەقامگیری ناوچەکە لەلایەن ئەو رێژیمە، رایگەیاندووە کە سێنا ناتوانێت چاوپۆشی لە رەفتارەکانی رێژیمی ئێران سەبارەت بە رێکەوتنی ناوکی بکات.

لە پەیوەندی لەگەڵ ئەگەر رێکەوتنی ناوکی و لابردنی گەمارۆکانی لەسەر ئێران، سێناتۆر لیندزی گراهام لە ئەندامانی پایەبەرزی سێنای ئامریکا، لە وتووێژ لەگەڵ کاناڵی تەلەفزیۆنی NBC وتوویەتی: ئێران رێژیمێکی بونیادگەرایە کە لەو بڕە پارەیەی دوای لابردنی گەمارۆکان دەستی پێڕادەگات بۆ پەرەپێدانی بوونیادگەرایی کەڵکی لێ وەردەگرێت.

ئەو ئەندامە پایەبەرزەی سێنای ئامریکا جەختی کردووەتەوە کە رێژیمی ئێران سەرەکیترین پشتیوانی تێرۆرێزمی دەوڵەتییە، ئەوان ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراستیان نائەمن کردووە و لە حاڵی درووستکردنی موشەکی بالستیک دانە.

ناوبراو کە قەرارە بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری ئامریکا لە ساڵێ ٢٠١٦ی زایینی خۆی کاندید بکات جەختی کردووەتەوە کە ئێرانی تەیار بە چەکی ئەتۆمی کابووسێکە بۆ ئێمە و هەموو ناوچەکە و رایگەیاندووە: لە ئەگەری دەستپێڕاگەیشتنی رێژیمی ئێران بە چەکی ناوکی زیاتر لە هەڕەشەی ئاشکرای گرووپی تێرۆریستیی داعش دەترسێم و نیگەرانم.

چەند رۆژ پێش، ٤٧ سێناتۆری کۆماریخوازی کۆنگرەی ئامریکا نامەیەکیان رو لە بەرپرسانی رێژیمی ئیسلامیی ئیران بڵاو کردووەتەوە کە تێیدا نووسراوە ئیعتباری ئەو رێکەوتنە ناوکییە لەگەڵ ئێران تەنیا پەیوەندی بە دەورانی سەرکۆماری ئۆباما هەیە.

لە بەشێکی ئەو نامەیەدا هاتووە: هەر جۆرە رێکەوتنێک ئەگەر لەلایەن کۆنگرەوە پەسند نەکرێت تەنیا رێکەوتنێکی ئیجرائیە و سەرکۆماری ئامریکا یا ئەندامانی کۆنگرەی داهاتوو دەتوانن ناورۆکی ئەو رێکەوتنە بگۆڕن.

ئاویەر. ت