کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ـ ڤێستمانڵاند سەر دانی ناوەندی کۆمەڵەی کوردی لەو شارە کرد

21:46 - 3 بەفرانبار 2715

کوردستان میدیا: لە دیداری نێوان شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ـ ڤێستمانڵاند و ناوەندی کۆمەڵەی کوردی‏دا، باسێکی تێر و تەسەل لەسەر بارودۆخی ئێستای کوردانی دانیشتووی سوید بە گشتی و کوردانی شاری ڤێسترۆس بەتایبەتی کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕێ کوردستان میدیا، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٩ی سەرماوەزی ١٣٩٤ی هەتاوی، شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ـ ڤێستمانڵاند، بە سەرپەرەستی عەزیز مورادپەرەست بەرپرسی کۆمیتە، سەردانی ناوەندی کۆمەڵەی کوردی لە شاری ڤێسترۆس کرد و لە لایەن شاندێکی کۆمەڵەی کوردی بە سەرپەرەستیی کەریم عومەر، بە گەرمی پێشوازییان لێ‏کرا.

سەرەتا بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات عەزیز مورادپەرەست، وێڕای دەربڕینی خۆشحالیی خۆی سەبارەت بەو پێشوازییە گەرمەی شاندی کۆمەڵەی کوردی وەک خانەخوێ، باسێکی تێر و تەسەلی لەسەر باردۆخی ئێستای کوردانی دانیشتووی سوید بەگشتی و کوردانی شاری ڤێسترۆس بەتایبەتی کرد.

مورادپەرست لە درێژەی باسەکەیدا ئاماژەی بە پێوەندییەکانی نێوان هەردوو لا و هەماهەنگی و هەوکاریی زیاتری نێوان کۆمەڵەی کوردی و کۆمیتەی حیزب لە شاری ڤێسترۆس کرد و جەختیشی کردەوە کە دەکرێ بەهاوکاریی یەکتر، ڕەوشی کوردانی دانیشتووی ئەم شارە بەرەو باشتر بڕوا و دەکرێ یاریدەر بین بۆ ئەوەی کە لاوەکانمان بەرەو ئاراستەیەکی دروست بڕۆن.

لە بەشێکی دیکەی سەردانەکەدا مورادپەرست تیشکی خستە سەر چۆنیەتی کار و چاڵاکییەکانی داهاتووی هەردوو لا و هەروەها شێوەی هەماهەنگی کردن لەگەڵ یەکتر و ئاگادار کردنەوەی خەڵک بۆ هەرچی زیاتر بەشداری کردن لە سیمینار و ڕێوڕەسمەکانی یەکتریدا و بەتایبەت بۆنە نەتەوەییەکان و یەک لەوان یادی دووی ڕێبەندان کە ڕۆژێکی مێژوویی و نەتەوەییە.

پاشان کەریم عومەر بەرپرسی کۆمەڵەی کوردی، وێڕای دەربرینی خۆشحاڵیی خۆی لەو دیدارە، هەموو جۆرە هاوکارییەکی کۆمیتەکانی حدکای بەرز وەسف کرد و ئاماژەی بە بارودۆخی کوردان و زیاد بوونی ڕێژەی کوردان لە سوید کرد.

ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا هاندانی ژنان لە کار و چاڵاکییەکانی خۆیاندا و هەروەها لە سیمینار و بۆنە کوردییەکاندای بە ئەرکی پیاوان زانی کە هاندەریان بن بۆ زیاتر بەشداری کردنیان لە کارەکاندا.

بەڕێز کەریمی جەختیشی لە سەر هاوکاریی و هەماهەنگیی زیاتری نێوان هەر دوو لا کردەوە و ئامادەیی کۆمەڵەی کوردی بۆ هەموو هاوکارییەک دەربڕی.