کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی یەکیەتیی لاوان لە شاری هەولێر چەندین دیدار و چاوپیکەوتنیان ئەنجام دا

15:06 - 28 بەفرانبار 2712

کوردستان میدیا: رێکخراوی لاوانی پارتی دێمۆکراتی کورد لە سووریە یەکێک لەو رێکخراوانە بوو کە دیداری لەگەڵ شاندی یەکیەتیی لاوانی دێمۆکرات پێکهێنا.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٧ی بەفرانباری ١٣٩١ی هەتاوی، شاندێکی رێکخراوی لاوانی پارتی دێمۆکراتی کورد لە سووریە بە سەرپەرستیی کاوە محەممەد ئەمین سەردانی یەکیەتیی لاوانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانی لە هەولێر کرد و لەلایەن حیسام ئەحمەدی جێگری سکرتێری گشتیی یەکیەتیی لاوانی دێمۆکراتەوە، پێشوازییان لێکرا.

حیسام ئەحمەدی وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی لەم دیدارە، لەسەر رەوشی سووریە و رۆڵی لاوان لە دەسپێکی سەرهەڵدانەکانی ئەو وڵاتە باسێکی هێنایە ئاراوە و لەسەر پێوەندیی نێوان رێکخراوە مەدەنییەکانی هەرچوار پارچەی کوردستان پێداگریی کردەوە.
کاوە محەممەد ئەمین سەرپەرستی شاندی لاوانی ئەلپارتی، خۆشحاڵیی خۆی لە پێوەندیی رێکخراوەکەیان لەگەڵ یەکیەتیی لاوانی دێمۆکرات دەربڕی و رۆڵی یەکیەتیی لاوانی وەکوو یەکەم رێکخراوی لاوانی کورد لە نێو کۆمەڵگای مەدەنیدا بەرز نرخاند.
لە کۆتایی ئەم دیدارەدا بەشداران لەسەر بەردەوام بوونی پێوەندییەکانی هەر دوو لایەن پێداگرییان کردەوە.
لە درێژەی چالاکیی شاندی یەکیەتیی لاواندا، سەردانی دەفتەری پێوەندییەکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئیرانیان لە شاری هەولێر کرد و لەلایەن بەڕێز محەممەد ساڵح قادری بەرپرسی پێوەندییەکان و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێمۆکراتی کورستانی ئێرانەوە، پێشوازیی لێکرا.
لەم چاوپێکەوتنەدا هەستیار بوونی ئەم قۆناغەی خەبات، رۆڵ و دەوری لاوان و بەتایبەت یەکیەتیی لاوانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، گرینگی دانی زێدەتر بە توێژی لاوان و رۆڵی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران وەکوو پاڵپشتی هەمیشەیی لاوان، ئاڵوگۆڕی بیروڕا کرا.
لە دوا نیوەڕۆی هەمان رۆژدا شاندێکی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی نواڵەی سەنتەری رۆشنبیریی بەهرە بە سەرپەرستیی ئاری ئاغۆک دیداری لەگەڵ شاندی یەکیەتیی لاوان پێک هێنا.
لەم دیدارەشدا رۆڵی رێکخراوە مەدەنییەکان لە راستانی خزمەت کردن بە کۆمەڵگای مەدەنی، بەهێزتر بوونی پێوەندیی نێوان هەر دوو لایەن لەو بابەتانە بوون لە باسیان لێوە کرا.
حیسام ئەحمەدی دەور و رۆڵی سەنتەری رۆشنبیریی لە راستانی داهێنان و گەشەی رۆشنگەری لە هەرێمی کوردستان بەرز نرخاند و لەسەر پیوەندیی و ئەنجام دانی کاری هاوبەش پێداگریی کردەوە.