کۆڵبەرێک بە ناوی شوانە ئەحمەدپوور، خەڵكی گوندی "نجنێی خواروو" سەر بە شاری بانە، بە تەقەی هێزەکانی ڕێژیم لە سنووری ئەم شارە کوژرا.
بەپێی ڕاپۆرتی ''کوردپا'' سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە، ٢ی بانەمەڕی ١٤٠٣، کۆڵبەرێک بە ناوی شوانە ئەحمەدپوور تەمەن ٣٤ ساڵ و خەڵكی گوندی "نجنێی خواروو" سەر بە شاری بانە، بە تەقەی هێزەکانی سەر سنووری ڕێژیم کوژرا.
سەرچاوەیەەکی ئاگادار بە هەواڵدەریی ''کوردپا''ی، هێزەکانی سەر سنووری ڕێژیم بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو لە سنووری "زەردەبی" بانە، تەقەیان لەم کۆڵبەرە کردووە.
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە تەرمی ئەم کۆڵبەرە ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکانی شاری سلێمانی لە هەرێمی کوردستانی عێراق کراوە.
هەروەها دوو کۆڵبەری دیکەش لەم ڕووداوەدا بریندار بوونە کە بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکانی شاری پێنجوێن لە هەرێمی کوردستانی عێراق کراون.
جێگەی ئاماژەیە کە ڕۆژی چوارشەممەی حەوتووی ڕابردوو، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "سەیوان دەست ئەفکەن" خەڵكی شاری مەریوان، بە تەقەی هێزەکانی ڕێژیم لە سنووری "تەتە"ی هەورامان کوژرا.