کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاردانەوەی ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان سەبارەت بە حوکمی لەسێدارەدانی تووماج ساڵحی

11:25 - 6 بانەمەڕ 2724

چەند ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی کوردستان پاش داسەپاندنی حوکمی نادادپەروەرانە بۆ سەر تووماج ساڵحی هونەرمەندی ناڕازی کاردانەوەیان نیشان دا و وێڕای نیگەرانی دەربڕین، بە دەرکردنی بەیاننامە ئەو سزایەیان مەحکووم کرد.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا لە کاردانەوە بەم حوکمە نادادپەروەرانە لە بەیاننامەکەیدا بە ئاماژەدان بەوەی کە پاش بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"، کۆمەڵگای ئێران لە هەمووکات یەکگرتووتر بووە، ڕایگەیاندووە "لە ئێستادا ڕەواییبوونی کۆماری ئیسلامی زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە لە نێو خەڵکدا لە نێو چوو و هەروەها کۆماری ئیسلامی زیاتر لە هەموو کات هەست بە مەترسی دەکات و دەستی بە سەرکوتی کۆمەڵگا کردووە".

کوردپا جەختی کردووەتەوە کە "دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ سەر هونەرمەندێکی ناسراو و خۆشەویست لەلای خەڵک ئەو ڕاستییە دەردەخات کە کۆماری ئیسلامی لە سەرکوتی بەرفراوان لە هەموو بوارەکاندا بە دژی خەڵک و ئەو کەسانەی وا دەنگ و هیوای خەڵکن، کەڵک وەردەگرێت".

ئەم ڕێکخراوە وێڕای مەحکوومکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ سەر تووماج ساڵحی باسی لە نیگەرانیی خۆی سەبارەت بە دەستپێکی خولێکی نوێ لە سەرکوت و تۆقاندنی کۆمەڵگا و ژنان لەلایەن ڕێژیمەوە کردووە.

هەروەها ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە کاردانەوە بە سەپاندنی ئەم حوکمە لە بەیاننامەیەکدا وێڕای مەحکوومکردن و شەرمەزارکردنی حوکمەکە ڕایگەیاندووە کە دەرکردنی ئەم سزایە بە دەنگێکی نادادپەروەرانە دەزانێت کە لە ژێر گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان و بە بێ ڕەچاوکردنی یاساکانی خودی کۆماری ئیسلامی دەرکراوە.

هەنگاو بە ئاماژەدان بەوەی کە ئەم سزایە بە تۆمەتی بێبنەمای "فساد فی الارض" دەرکراوە ڕایگەیاندووە کە "ئەو چەشنە سزایانە بەتایبەتی پێوەندییان بە ڕەوتی کۆماری ئیسلامی لە پێوەندی لەگەڵ لە سیدارەدرانە بەربڵاوەکانی یەک ساڵی ڕابردوو و بەتایبەت دوای بزووتنەوەی ژن  ژیان ئازادییەوە هەیە".