کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو هاوپەیمانی سیاسی ڕاگەیندراوێکی هاوبەشیان سەبارەت بە سەرکوتی بەربڵاوی ژنان لە ئێراندا بڵاوکردەوە

11:27 - 6 بانەمەڕ 2724

دوو هاوپەیمانی سیاسیی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ وهاوپێوەندی هەمەلایەنە بۆ ئازادی و یەکسانی لە ئێران، ڕاگەیندراوێکی هاوبەشیان سەبارەت بە شەپۆلی بێوێنەی سەرکوت و توندووتیژی بەربڵاوی دژ بە ژنان لە ئێراندا بڵاو کردەوە و ئاماژەیان بەوە کرد کە سەرکوت و حیجابی زۆرەملێی ژنان ڕێگری لە ڕووخاندنی ڕێژیمی ئیسلامی ناکات.

لەم ڕاگەیندراوەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لە چەند حەوتووی ڕابردوودا سەرکوت و توندووتیژییەکی بەربڵاومان بینیوە بەرامبەر بە ژنانێک کە حیجابیان بە دڵی خۆیان بووە، و لە زۆرێک لە شارەکاندا ئەو ژنانە بە هێرش و لێدانی دڕندانەی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران دەسبەسەر کراون.

هەروەها ئاماژە بە قسەکانی عەلی خامنەیی کراوە کە سنووردارکردنی حیجابی وەکوو یاسا و شەرعی ڕاگەیاندووە و لابردنی حیجابی وەک شەرعی حەرام و سیاسی ناو بردبوو.

ئەم دوو هاوپەیمانە سیاسییه زیادیان کردووه که دوای قسەکانی ڕێبەری ڕێژیم سەرکوتی ژنان دەستی پێکرد و حکوومەتی ئیسلامی دژه ژن هەموو ئامرازەکانی خۆی بۆ لێستاندنی یەکێک لە دەستکەوتەکانی شۆڕشی ژینا واتە مافی بنەڕەتی ئازادی جل و بەرگ پۆشین خستووەتە گەڕ.

لەژێر سایەی پڕوپاگەندە و شانۆی هەڵدانی مووشەکی دژ بە ئیسرائیل، ڕێژیم شەڕێکی تەواوی دژی ژنانی دەست پێکردووە و بە کەڵک وەرگرتن لە توندووتیژیی بەربڵاو و دروستکردنی ترس و تۆقاندن و توندوتیژی دژی ئەو ژنانەی کە باوەڕیان بە حیجابی ئیسلامی نییە، هەوڵدەدات کۆمەڵگا بگەڕێنێتەوە بۆ دۆخی پێش سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا.

لە بەشێکی دیکەی ئەم ڕاگەیندراوەدا هاتووە کە پۆشینی جلوبەرگ لە هەموو کۆمەڵگا مرۆڤایەتییەکان بەشێکە لە مافە سەرەتاییەکان و ئەم مافە لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کە دەوڵەتێکی ئایدیۆلۆژییە، بە توندوتیژیەوە پێشێل دەکرێ.

لە بەشی کۆتایی ڕاگەیندراوی ئەم دوو هاوپه‌یمانه‌ هاتووە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە پێداگری لەسەر سیاسەتەکانی خۆی تا ئێستا، ڕق و کینەی خەڵک بەرامبەر بە خۆی زیاد کردووە و درەنگ نییە بۆ خەڵکی ئێران کە ئەم حکوومەتە بڕوخێنن و بگەن بە ئازادی و یەکسانی و دێموکراسی.