کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شوورای ئەمنیەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارنامەیەکی لەسەر سووریە پەسەند کرد

21:30 - 28 سەرماوەز 2715

کوردستان میدیا: شوورای ئەمنیەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەکۆی دەنگ ڕەشنووسی بڕیارنامەیەکی لەسەر داهاتووی سووریە پەسەند کرد. ئەو بڕیارنامەیە ئاکامی دانیشتن و وتووێژی بەردەوامی وەزیرانی دەرەوەی ١٧ وڵات، بۆ وێنە ٥ ئەندامی هەمیشەیی شورای ئەمنیەت، بان کی مۆن سەرۆکی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، نوێنەرانی یەکیەتییەکانی ئورووپا و عەرەب، لەگەڵ دیپلۆماتە پایەبەرزەکانی وڵاتانی ناوچە، وەکوو تورکیە و عەرەبستانی سعوودی و ئێران لە نیۆیۆرک بوو.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی دۆیچەوێلە، کێشەی سەرەکی لە وتوێژەکانی نیۆیۆرک، هەڵبژاردنی لیستی لێژنەی دیاریکراوی دژبەرانی سووریە بوو. چارەنووسی سیاسیی بەشار ئەسەدیش یەکێک لە بابەتە کێشە لەسەرەکان بوو کە لە بڕیارنامەی شوورای ئەمنیەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، خرایە بەر باس.

ئەو گەڵاڵەیە نەخشە ڕێگایەکی سەقامگیرکردنی ئاشتی لە سووریە لەخۆ دەگرێت، کە بەپێی ئەوە، وتووێژ بۆ ئاشتی لە نێوان ڕێژیمی بەشار ئەسەد و گرووپە دژبەرەکانی‏دا، دەبێ لە سەرەتای مانگی ژانویەی ٢٠١٦ ی زایینیەوە دەست پێ بکات. بەپێی گەڵاڵەکە لە سووریەدا دەبێ حکوومەتێکی کاتی دروست بێت و هەڵبژاردنەکان بە چاوەدێریی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجام بدرێت.

بە وتەی چاوەدێران و کارناسانی سیاسی، پەسەندکردنی بڕیارنامەی سووریە لە شوورای ئەمنیەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەرخەری ڕێکەوتنی نێوان ئەمریکا و ڕووسیە لە سەر سووریەیە و ئەگەری ئەوەی هەیە کە تێچوویەکی زیاتر بخاتە سەر دەستی ئێران و دەسکەوتەکانی لەو شەڕەدا بەرتەسک بکاتەوە.

هەتا ئێستا زیاتر لە ٢٥٠ هەزار کەس لە شەڕی نێوخۆیی سووریەدا کوژراون، سەدان هەزار کەس بریندار و ١٢ میلیۆن کەسیش ئاوارە بوون.