کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شیرکەتی \"پەی‌پاڵ\" بە هۆی پێشێل‌کردنی گەمارۆ ئابوورییەکانی دژی رێژیمی ئێران جەریمە کرا

18:14 - 9 خاکەلێوه 2715

کوردستان میدیا: شیرکەتی نێودەوڵەتیی پەی پاڵ، (PAYPAL) بە هۆی پێشێل‌کردنی گەمارۆ ئابوورییەکانی ئامریکا، دژی رێژیمی ئێران لەلایەن وەزارەتی خەزانەداریی ئامریکاوە جەریمە کرا.

بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی ئەلعرەبییە، وەزارەتی خەزانەداری ئامریکا شیرکەتی پەی پاڵی بە هۆی پێشێل‌کردنی گەمارۆ ئابوورییەکانی ئامریکا دژی وڵاتانی ئێران و سودان و کوبا ٧.٧ میلیۆن دولار جەریمەی نەختی کرد.

بەپێی ئەم راپۆرتە، لە ماوەی ساڵانی ٢٠٠٩ هەتا ٢٠١٣دا، شیرکەتی پی‌پاڵ ٤٨٦ حاڵەتی تراکنش مالی (جێبەجێ کردنی کاروباری بانکی) بە بڕی ٤٤ هەزار دۆلار لەگەڵ وڵاتانی ئێران و سووداندا هەبووە.

پێشتریش بەپێی هەواڵدەریی رۆیترز، ئامریکا شیرکەتی نەوتی شلومبرژەی بە هۆی هاوکاری لەگەڵ ئێران بۆ دەور لێدانەوەی گەمارۆ ئابوورییە نەوتییەکان بە جەریمەی ٢٣٢ میلیۆن دولار مەحکووم کرد.

گەمارۆ ئابووریە نەوتییەکانی دژی رێژیمی ئێران، سەرەڕای قورستر کردنی گەمارۆ ئابوورییەکانی شۆرای تەناهی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لەلایەن ئامریکاوە دژی رێژیمی ئێران داسەپاوە، وڵات و شیرکەتگەلێک کە گەمارۆ ئابوورییەکان پێشێلکاری بکات لەگەڵ جەریمە و سزای نەختی بەرەوڕوو دەبنەوە.

گەمارۆ ئابوورییە هەمە لایەنەکان دژی رێژیمی ئێران لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا زەربەی قەەرەبوو نەکراوی بە بناغە ئابووریی ئێران گەیاندووە و دوورەدیمەنی ئابووریی ئەم وڵاتەی ناڕوون کردووە.

بە هۆی رێژەی کاریگەری گەمارۆ ئابوورییەکان بە سەر ئابووری ئێران، بەرپرسانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران و لە سەرووی هەموویانەوە رێبەری رێژیمی ئیسلامیی ئێران خامنەیی لە دانوستانەکانی ئەم دوایانە کە لە ساڵی ١٣٩٢ی لە ئارادایە، دەڵێن لابردنی گەمارۆ ئابوورییەکان لە دانوستانەکاندا بگونجێندرێت.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە ئامریکا و زۆربەی وڵاتە زلهێزەکانی جیهانی رایانگەیاندووە کە لابردنی گەمارۆ ئابوورییەکان هێواش و بەپێی پابەندبوونی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە سەر هەوڵ نەدانی بۆ دەستپێڕانەگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی دەبێت.

کازیوە.ر