کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شێرمەن: گەمارۆ داسەپاوەکانی دژی رێژیمی ئێران بە هۆی تیرۆریزم و پێشێلکاری مافی مرۆڤ هەروا درێژەی دەبێت

20:17 - 9 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: جێگری وەزیری دەرەوەی ئامریکا لە لێدوانێکدا، رایگەیند کە گەمارۆ داسەپاوەکانی دژی رێژیمی ئێران بە هۆی تیرۆریزم و پێشێلکاری مافی مرۆڤ بەردەوام دەبێت.

بەپێی راپۆرتی دەنگی ئامریکا، رۆژی هەینی ٨ی رەشەممەی ١٣٩٣ی هەتاوی، وێندی شێرمەن، جێگری وەزیری دەرەوەی ئامریکا لە قسەکانیدا بە بۆنەی ٧٠ ـەمین ساڵڤەگەڕی کۆتایی هاتنی شەڕی جیهانی دووهەم لە بونیادی کارنگی بۆ سوڵحی جیهانی، جەختی لەسەر درێژەی گەمارۆ داسەپاوەکانی دژی رێژیمی ئێران کردەوە.

بەپێی قسەکانی جێگری وەزیری کار و باری دەرەوەی ئامریکا، بارک ئوباما لە هەوڵدایە کە رێژیمی ئێران لە هیچ هەلومەرجێکدا دەستی بە چەکی ئەتۆمی نەگات و هەروەها دەوڵەتی ئامریکا لە هەوڵدایە کە پاش هەر جۆرە رێکەوتنێک، رێژیمی ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی نەگات و هەمووی رێگاکانی دەستپێڕاگەیشتنی ئەم رێژیمە بە چەکی ئەتۆمی دابخرێت.

وێندی شێرمەن هەروەها لە پەیوەندیی لەگەڵ ئەگەری لابردنی گەمارۆ ئابووریە داسەپاوەکانی دژی رێژیمی ئێران جەختی کردووە: ئیزن بدەن روون و ئاشکرا بیڵێم، هیچ جۆرە مامەڵەیەکی گەورە لەگەڵ ئێران لە ئارادا نییە، گەمارۆکانی بەرنامەی ئەتۆمی رێژیمی ئێران لە پەیوەندیی لەگەڵ تیرۆریزم، یا بابەتی پێشێلکاری مافی مرۆڤ و سرجەم نیگەرانییەکانی ئێمە سەبارەت بە ناسەقامگیر بوونی ناوچەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە.
لەم پەیوەندییەدا، چەند رۆژ پێش ئێستا، جان کێری وەزیری دەرەوەی ئامریکا لە لێدوانێکدا لە دانیشتنی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکا رایگەیاند: دەستپێڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی تا هەتایە قەدەغەیە.

جان کێری لە پەیوەندی لەگەڵ نیگەرانییەکانی ئەندامانی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکا وتی: لە ئەگەری بە ئاکام نەگەیشتن لە دانوستانە ناوکییەکان لەگەڵ رێژیمی ئێران بژاردەی نیزامی هەروا لەبەر دەست دایە.

ئاویەر.ت