کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەش پێشمەرگە لە شەڕ دژی داعشدا شەهید بوون

16:32 - 26 سەرماوەز 2715

کوردستان میدیا: لە ئەنجامی هێرشی گرووپی تیرۆریستیی داعش بۆ سەر پێشمەرگە، شەش پێشمەرگەی کوردستان گیانیان پێشکەش بە خاک و نیشتمانەکەیان کرد.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٥ی سەرماوەزی ١٣٩٤ی هەتاوی، بە هۆی هێرشی داعش بۆ سەر پێشمەرگە لە چیای زەرتک، شەش پێشمەرگە شەهید بوون.

شەڕی نێوان هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و گرووپی تیرۆریستیی داعش، بۆ ماوەی چەند كاتژمێر بەردەوام بووە و ژمارەیەكی بەرچاو داعش لەو شەڕەدا كوژراون و بریندار بوونە.

بەپێی زانیارییەكان، لەوشەڕەدا مەغدید هەرکی، فەرماندەی هێزی ٢ی سوپای ٥ی زێرەڤانی و ژمارەیەك پێشمەرگە شەهید بوونە.

گرووپی تیرۆریستیی داعش بە هۆی سوود وەرگرتن لە کەش و هەوا کە تەمێکی چڕ بووە، توانیویانە دزە بکەنە ناو سەنگەری پێشمەرگە و خۆیان بتەقێننەوە و لە ئەنجامدا ٦ پێشمەرگە شەهید و ٤ی دیکەش بریندار بوون.

تیرۆریستانی داعش هێرشیان کردبووە سەر مێحوەری ناوەران و باشیک و خازر، بەڵام هێزی پێشمەرگە ئەو هێرشەی تێک‌شکاند و ژمارەیەکی بەرچاو لە داعش لەو شەڕەدا کوژراون.