کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەڕ و تێكهەڵچوونەكانی باكووری كوردستان بەردەوامن

22:49 - 2 بەفرانبار 2715

كوردستان میدیا: شەڕ و تێكهەڵچوونەكانی باكووری كوردستان بەردەوامن و تا ئێستا بە سەدان كەس لە خەڵكی مەدەنی لە شەڕ و ئاڵۆزییەكاندا كوژراو و بریندار كراون.

هێزە ئەمنیەتییەكانی توركیە و ئەرتەشی ئەم وڵاتە، هەموو هێزی نیزامیی خۆیان بە كار دێنن بۆ ئەوەی بە سەركوتی خۆپیشاندەران، كۆتایی بە ئاڵۆزییەكانی ناو توركیە بێنن، بەڵام بەرخودانی خۆپیشاندەران لە بەرانبەر ئەو بڕیارانەی كە دەوڵەتی توركیە لە مەڕ قەدەغەی هاتوچۆ ڕایدەگەیەنێ‌، ماوەی ئەم شەڕ و تێكهەڵچوونانەی درێژ كردۆتەوە.

تا ئێستا بەپێی سەرچاوەكانی سەر بە حكوومەتی توركیە، ١٢٧ گەریلا لە شەڕ و تێكهەڵچوونەكانی نێوان پ.ک.ک و ئەرتەشی توركیەدا كوژراون، بەڵام بە هۆی نەبوونی هەواڵنێری سەربەخۆ لەو ناوچانەدا، هیچ سەرچاوەیەكی سەربەخۆ و باوەڕپێكراو ڕاستیی ئەو هەواڵانەی ڕەت یان پشتڕاست نەكردۆتەوە.

لە لایەكی دیكەوە بە پێی سەرچاوەكانی وەك DIHAو ANFو ...هتد، تا ئێستا زیاتر لە سەد كەسی مەدەنی لە ئاكامی ئەم شەڕ و تێكهەڵچوونانەی كوردستانی باكوور كوژراون و بریندار كراون، كە نزیك بە ٣٠ منداڵیشیان لە نێودایە.

هەرچەند كە لە ساڵی ٢٠١٢وە، هەردو لایەنی PKK و دەوڵەتی توركیە، لە سەر ئەوە ڕێككەوتن كە شەڕ ڕابگرن و PKKش هەموو گەریلاكانی لە خاكی كوردستانی باكوور بكشێنێتەوە و دواتریش پرۆسەی چارەسەری بەرەو پێشەوە ببەن، بەڵام ئەو پرۆسەیە بە باشی بەرەو پێشەوە نەچوو و جارێكی دیكە شەڕ دەستی پێكردەوە و لەو پەیوەندییەدا، هەر دو لایەن یەكتری بە تێكدانی پرۆسەی ئاشتی تاوانبار دەكەن.