کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرماندەی سپای ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند ئامریکا توانای بەرەنگاربوونەوەی لەگەڵ ئێراندا نییە

15:13 - 21 سەرماوەز 2715

کوردستان میدیا: محەممەدعەلی جەعفەری، فەرماندەی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، لە خوزستان ڕایگەیاندووە کە ئێمە لە دەرەوەی سنوورەکان بەرگری لە وڵات دەکەین و ئامریکا توانای بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئێمەدای نییە.

بەپێی هەواڵێک کە بڵاو بووەتەوە، ئەو فەرماندەیەی سپای ڕێژیم، لە ئەهواز لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانی ناوسراو بە پارێزەرانی حەرەم باسی لە گرینگیی ستراتژیکی ڕۆژئاوای ئاسیا کرد و هەروەها هەڵگرتنی سنووری وڵاتانی مێحوەری موقاومەت بۆ یەکگرتوویی ئیسلامی بە پێویست زانی.

ناوبراو هەروەها باسی لەوە کرد کە چارەنووسی ئیسلام و جیهان لە ڕۆژئاوای ئاسیادا یەکلا دەبێتەوە.

فەرماندەی سپای ڕێژیم لە درێژەدا گوتی کە ستراتژیی ئێران لە شەڕی سووریەدا ئاشکرایە و ئێران و سووریە و حیزبوڵڵای لوبنانی وەک مێحوەری موقاومەت وەسف کرد.

چەند ڕۆژ پێشووتریش عەلی‌ئەکبەر ویلایەتی ڕاوێژکاری خامنەیی لە کاروباری نێودەوڵەتی‏دا، لە وتووێژێکی تەلەفزیۆنیدا گوتی کە شەڕی سووریه، شەڕێکی بچووکی نێودەوڵەتییە و بەشار ئەسەد هێڵی سووری ئێرانە.

سپای قۆدس لقی دەرەوەی سنووری سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، لە شەڕی سووریەدا ڕاستەوخۆ بەشدارە و هەتا ئێستا نزیک بە ١٠٠ کەس لە هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لەو شەڕەدا کوژراون.

هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٠ی سەرماوەزی ١٣٩٤ی هەتاوی، بڵاویان کردەوە کە ١١ پاسدار لە شەڕی سووریەدا کوژراون.

کوژرانی هێزەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە بوونی هێزی چەکداری خۆیان لەو وڵاتەدا ڕەت دەکەنەوە.

ئەو وتەی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە کاتێکدایە کە ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا نیسبەت بە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران و یارمەتییە مادی و نیزامییەکان بە سووریە هۆشداریان بەو ڕێژیمە داوە.