کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەیرانی کەمی ئاوی لەگوندەکانی پارێزگای کرماشان

17:35 - 20 پووشپەڕ 2715

کوردستان میدیا: دانیشتوانی گوندەکانی سەر بە بەخشی گەهوارە لە پارێزگای کرماشان بە دەست کەمی ئاوی خواردنەوەوە دەناڵێنن و هەنووکە زۆربەی گوندەکانی سەر بە پارێزگای کرماشان لەگەڵ کیشەی بێ ئاوی بەرەوڕوون.

کەمی ئاو لەو ناوچەیەدا بووەتە هۆی ناڕەزایەتی دانیشتوان، بەڵام کێشەی کەم ئاوی و بێ ئاوی لەلایەن بەرپرسانی پێوەندیداری رێژیمەوە نەخراوەتە بەر چاو و بۆ چارەسەریی ئەو کێشەیە هیچ هەوڵێکیان نەداوە.

بە وتەی یەکێک لە بەرپرسانی رێژیم لە پاریزگای کرماشان، ٩ شاری ئەو پارێزگایە بە گشتی کێشەی کەم ئاویان هەیە.

پارێزگای کرماشان ١٤ شارستان ،٣١ ناوەندی شار، ٨٦ شارەدێ و دووهەزار و ٧٩٣ ئاوایی لەخۆ گرتووە.

بەپێی نوێترین راپۆرتە بڵاو کراوەکان، لە ١٨٠ گوندی سەر بە پاریزگای کرماشان، ئاو بە شێوەی سەیار ئەنجام دەدرێت و بە تەنکێر ئاوایان بۆ دابین دەکەن و شەش هەزار و ٣٧٤ بنەماڵە بە شێوەی جیدی بە ئاوی خواردنەوە پێویستییان هەیە.

بەپشت بەستن بە ئامارە فەرمییەکان، دانیشتوانی ٢٧١ گوندی کرماشان، ٦٠٠ گوندی سنە و ٣٠٧ گوندی ئورومیە لەگەڵ کێشەی کەمیی ئاوی خواردنەوە بەرەوڕوون.

سەرەڕای ئەوەی کە بەرپرسانی ناوەندە پەیوەندیدارەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران دانیان بە بوونی ئەو قەیرانەدا ناوە، بەڵام هیچ هەوڵێکیان بە شێوەی کردەوە لە پێناو لابردنی ئەو کێشانە نەداوە.

کەمیی ئاو لە گوندەکان بووەتە هۆی دابەزینی رێژەی کشت وکاڵ و هەروەها زۆربوونی کۆچ کردنی دانیشتوانی گوندەکان بۆ شار.

هەروەها، کێشەی کەمیی ئاوی خواردنەوە بە هۆکاریی سەرەکی کۆچکردنی دانیشتووانی گوندەکان بۆ شار دێتەئەژمار و دابەزینی حەشیمەتی گوندەکانی لێکەوتووەتەوە.

دروستکردنی بەنداوی ناستاندارد و لەرادەبەدەر، لێدانی چاڵاو لەلایەن کەسانی هەلپەرەست، نەبوونی کاناڵەکانی ستانداری ئاو و کەمیی پڕۆژەی ئاوەدانکردنەوەی تایبەت بەو بەشە لەو هۆکارانەن کە کوردستانی لەگەڵ کێشەی کەم‌ئاوی و بێ‌ئاویی بەرەوڕوو کردووەتەوە.