کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە سەدا ١٠ی حەشیمەتی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین

15:41 - 8 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: لە سەدا ١٠ی حەشیمەتی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین و ئەوەش لە حاڵێکدایە کە رێژیمی ئێران ئاماری جۆراوجۆر و ناتەبا لە هەژاری خەڵکی ئێراندا بڵاو دەکاتەوە.
بەپێی راپۆرتی هەواڵدەرییە نێوخۆییەکانی رێژیم، سەرۆکی ناوەندی ئاماری رێژیمی ئێران رایگەیاندووە کە نایهەوێ ئاماری هێڵی هەژاری لە ئێراندا بە فەرمی رابگەیەنێت و هەروەها وتوویەتی کە ئاماری هێڵی هەژاری لە ریزی ئامارە فەرمییەکانی وڵات ئەژمار ناکرێت.

لەو پەیوەندییەدا راوێژکاری وەزیری تەعاون، کار و ریفاهی ئیجتماعی رێژیم بڵاوی کردووەتەوە، لە کاتێکدا ئاماری لە سەدا ١٠ی حەشیمەتی ژێر هێڵی هەژاری لە ئێراندا بڵاو دەبێتەوە کە پووشپەڕی ئەمساڵ وەزارتی ئابووری رێژیمی بڵاوی کردبووەوە کە توانای ئابووری بنەماڵەکانی ئێران لە سەدا ٢٥ دابەزیوە و هەنووکە لە سەدا ٣١ی بنەماڵەکانی ئێرانی لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.

سەبارەت بە هەژاری لە ئێراندا پێشتریش کارناسان بە شێوەیەکی نافەرمی ئاماری جۆراوجۆریان لەباەری هەژاری لەو وڵاتەدا بڵاو کردبووەوە و بەپێی زانیاریەکانی حەشیمەتیی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی، نزیک بە لەسەدا ٤٠ی حەشیمەتی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.

یەکێک لە ئابووری زانانی رێژیم رایگەیاندووە کە بە هۆی ناڕوونیی ئامارەکان سەبارەت بە حەشیمەت ئێران دیاریکردنی هێڵی هەژاری بێ مانایە.

ناوەندی ئاماری رێژیم لە ئامارێکی دیکەدا بڵاوی کردەوە کە ٤٧ میلیۆن کەس لە ئێراندا لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین و کارناسان هێڵی هەژارییان زیاتر لە ٧٨٠ هەزار تمەن بەراورد کردووە کە بەپێی ئەو ئامارە هەر بنەماڵەیەکی ٦ کەسی لە ٧٨٠ هەزار تمەن داهاتی کەمتر بێت لە ژێر هێڵی هەژاری دایە.

هەروەها سەرۆکی ناوەندی ئاماری رێژیم رایگەیاندووە کە ٤٧ میلیۆن حەشیمەتی ئێرانی داهاتی رۆژانەیان کەمتر لە ٤ هەزار و ٣٠٠ تمەنە و داهاتی بنەماڵەیەکی ٦ کەسی لە خووشەی یەک کەمتر لە ٤٧٣ هەزار تمەنە کە بەپێی ئەو ئامارە نزیک بە ٣٠ میلیۆن کەس لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین و ئەو بنەماڵەنەی داهاتیان لە نێوان ٤٠٠ هەتا ٧٠٠ هەزار تمەنە، ١٧ میلیۆن کەس لەخۆ دەگرن.

بەپێی ئەو ئامارە رۆژانە ٣٠ میلیۆن کەس کەمتر لە ٢ هەزار و ٦٠٠ تمەنە و داهاتی رۆژانەی ١٧ میلیۆن کەسی دیکەش کەمتر لە ٤ هەزار و ٣٠٠ تمەنە، ئەوەش دەرخەری ئەوەیە کە ٤٧ میلیۆن و ٦٠٠ هەزار ئێرانی رۆژانە کەمتر لە ٤ هەزار و ٣٠٠ تمەن داهاتیان هەیە.

بە هۆی گوشاری گەمارۆ ئابوورییەکان نرخی کەلوپەلی پێویستی بنەماڵە بەردەوام رووی لە هەڵکشان دایە و خەڵک توانای دابینکردنی لانیکەمی ژیانی خۆیان بە سەختی هەیە و رۆژبەرۆژ خەڵکی ئێران زیاتر دەچنە ژێر هێڵی هەژاری و هەروەها داخرانی کارگە پیشەییەکان، کارخانە و دەکردنی کرێکاران لەسەر کارەکانیان زیاتر پەرە دەستێنێت و رێژیم هیچ هەوڵێک بۆ چارەسەری ئەو کێشانە ناداتەوە.

گادەر. د