کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە شرناخ هێرش كرایە سەر ناوەندی كولتووریی ئەو شارە

21:59 - 5 بەفرانبار 2715

كوردستان میدیا: لە شرناخ هێرش كرایە سەر پەرتووكخانەی گەل و ناوەندی چاندی ئەو شارە، کە لە كاتی هێرشەكەدا، ١٧ منداڵی تێدا بووە.

لە ئاكامی شەڕ و تێكهەڵچوونەکانی ناوچەی شرناخ، پەرتووكخانەی گەل و ناوەندی كولتووریی ئەو شارەش، هێرش كرایە سەری و لە ئاكامی ئەو هێرشەدا، ئاگری تێبەربوو. لە کاتی ڕووداوەکەدا، ١٧ منداڵ كە لە نێو باڵاخانەی ئەو ناوەندە كولتوورییەدا مابوونەوە بریندار بوون، كە برینی ٤ لەو منداڵانە سەختە.

هەر چەند هێندێك سەرچاوە باس لەوە دەكەن كە هێزە ئەمنییەكانی توركیە هێرشیان كردە سەر ئەو ناوەندە كولتوورییە، بەڵام كاناڵی TRT Kurdî ڕایگەیاند كە ئەوە ئەندامانی پ.ك.ك بوون كە بە مۆلۆتۆف هێرشیان كردە سەر ئەو ناوەندە.

لە لایەكی دیكەوە مزگەوتی سەییدان كە مێژوویەكی ٤٧٠ ساڵەی هەیە، لە شاری جزیرە هێرش كرایە سەری و لە ئاكامی ئەو هێرشەدا خەسارێكی زۆری بەركەوت.

لە ئاكامی ئەو شەڕ و تێكهەڵچوونانەدا، سەرژمێریی جۆراوجۆر لە سەر ژمارەی كوژراوانی هەر دوو لا، واتە هێزەكانی پۆلیس و هێزەكانی ئەرتەشی توركیە و ئەندامانی پ.ك.ك بڵاو دەبنەوە، بەڵام بە هۆی نەبوونی سەرچاوەیەكی سەربەخۆ و باوەڕپێكراو لە شوێنی ڕووداوەكان، ناتوانرێ ژمارەی دروستی كوژراو و بریندارانی ئەم ڕووداوانەی كوردستانی باكوور بخرێنە بەر دەست.