کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەئێران هاووڵاتیان لەوەرگرتنی پارە بۆ پیدانی کارتی میللی ناڕازین

17:48 - 31 گەلاوێژ 2715

کوردستان میدیا: ناوەندە پێوەندیدارەکانی رێژیمی ئێران بۆ پێدانی کارتی میللی بە هاووڵاتییان بڕی ٣٠ هەزار تمەن پارە لەئەندامی هەر بنەماڵەیەک دەستێنت و ئەو هەوڵە ناڕەزایەتی هاووڵاتییانی لێکەوتووەتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردستان میدیا، رێژیم بە بنکە و ناوەندە پێوەندیدارەکانی راگەیاندووە، بۆ پێدانی کارتی میللی بە هاووڵاتییان، بڕی ٣٠ هەزار تمەن بۆ ئەندامی هەر بنەماڵەیەک پارە وەربگرن و ئەمە لەحاڵێکدایە کە هاووڵاتییان بۆ وەرگرتنی کارتی میللی دەبێ ساڵێک پێشتر لەو شوێنانەی کە رێژیم دیاری کردووە نێونووسی بکەن.

هاووڵاتییەکی کورد لەو بارەیەوە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیای راگەیاند، خەڵک بۆ وەرگرتنی کارتی میللی دەبێ لە کاتژمێری ٦ی بەیانی هەتا ٢:٣٠ خولەکی نیوەڕۆ لە نۆبەتدا بن و ئەوە کێشەیەکی زۆری بۆ هاووڵاتییان دروست کردووە و بە ناچاری دەستیان لە کار و پیشەی خۆیان هەڵگرتووە و بە دوای وەرگرتنی کارتی میللیدان.

لەساڵەکانی کۆتاییەکانی خولی سەرکۆماری محەممەد خاتمی، گەڵالەی دەوڵەتی ئێلێکتڕۆنیک بەدواداچوونی بۆ کرا کە دواتر ئەو گەڵاڵەیە بە هۆی نەبوونی بەرنامەیەکی ستاندار و باش پشت گوێ خرا.

کارتی میللی، لەوڵاتی ئێراندا بە هەموو هاووڵاتییانی سەرووی تەمەن ١٥ ساڵ دەدرێت و کاروباری ئیداری هاووڵاتییان لە رووی ئەو کارە ئەنجام دەدرێت.

لەکاتی دانی ئەو کارتەدا بەشێک لەچالاکانی سیاسی و مافی مرۆڤ لەو باوەڕەدابوون کە ئەو کارتە کەش و هەوای ئەمنیەتی لە کۆمەڵگەدا چڕتر دەکاتەوە و دەوڵەت زۆر بە ئاسانی دەستی بە زانیارییەکانی هاووڵاتیان رادەگات.