کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

\"مرگ بر روحانی\" دروشمی ناڕازیانی بەردەم دادستانی

15:47 - 27 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: ئەو کەسانەی که له دامەزراوەی کاسپین پارەیان لێخوراوە، ئەم جارە لە بەرامبەر دادستانی ڕێژیم بە دروشمی مرگ بر روحانی داوای دانەوەی پارەکانیان کرد.

چەندین مانگە ئەو کەسانەی لە دامەزراوەی کاسپین، سەرمایەکانیان خستۆتە گەڕ و پارەکەیان لێخوراوە، به کۆبوونەوە لە بەردەم مەجلیسی ڕێژیم و دادستانی تاران، ناڕەزایەتی خۆیان لە هەمبەر ئەو دامەزراوەیە و دەوڵەت دەربڕیوە، بەڵام هیچ وەڵامیکیان وەرنەگرتووە.

لە دوا هەڵوێستدا رۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی ٢٦ی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی، پارەخوراوانی کاسپییەن، لە بەردەم دادستانی تاران ناڕەزایەتیان دەربڕی و ڕاستەوخۆ دەوڵەتیان به تاوانباری سەرەکی لەدەستدانی پارەکەیان زانیوە.

ناڕازیان لەو مانگرتنهدا، ڕخنەیان له دەوڵەتی روحانی گرتووە و به دژی ڕێژیم و دەوڵەتەکەی دروشمیان داوە.

لە چەندین گرتەی ڤیدیۆییدا که لەو مانگرتنه بڵاو بووەتەوە، ناڕازیان به دروشمەکانی وەک: مرگ بر روحانی، ای قوە عدلیە،عدالت عدالت،اسلام پله کردن، مردم ذله کردن، ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕیوە.

ئەمە لە حاڵێکدایە که گوتەبێژی دادستانی تاران، لە بارەی پەروەندەی کاسپییەن، ڕایگەیاندبوو: دوای هەڵوەشانی هەشت ناوەندی تعاونی، دامەزراوەی کاسپین داخراوە و هەتا ئێستە چەند کەس لە بەڕێوەبەرانی ئەو دامەزراوانه دەستبەسەر کراون؛ بەڵام هەتاکوو ئێستە لێقەوماوانی کاسپییەن هیچ ئاکامێکیان وەر نەگرتووە.

تەنانەت له دانیشتنێکی نێوان دەوڵەت و مەجلیس و بانکی ناوەندیی ڕێژیم، بڕیار درابوو که هەموو پارەخوراوانی کاسپییەن، دیاری بکرێن و به بڕی ٢٠٠ میلیۆن و ناوەندە تعاونییەکانی دیکەش بە بڕی ١٠٠ میلیۆن تمەن قەرەبوویان بۆ بکرێتەوە بەڵام هەتا ئێستە به کردەوە هیچ پارەیک نەدراوە بەم کەسانە.