کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مۆرەیەکی کۆماری ئیسلامی لەناو داعشدا کوژراوە

21:52 - 16 سەرماوەز 2715

کوردستان میدیا: یەكێک لەو نێردراوانەی دەزگای سیخۆڕیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ ڕیزەکانی دەوڵەتی ئیسلامی، لە شەڕی ڕزگار کردنی شنگال‏دا کوژرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی كوردستان میدیا، لە شەڕی هێزەکانی پێشمەرگە و چەکدارانی داعش لە پرۆسەی ئازادکرانی شاری شنگال‏دا، کەسێکی سەقزی بە ناوی یەدۆڵڵا کەسنەزانی کوڕی کەریم، بەشداریی لە شەڕی دژ بە پێشمەرگەی کوردستاندا کردووە.

ناوبراو کەسێکی سەر بە دەزگای سیخۆڕیی کۆماری ئیسلامی بووە و ساڵی رابڕدوو لە لایەن ئیتلاعاتەوە نێردراوەتە ناو داعش.

12772.jpg
یەدۆڵڵا کەسنەزانی
لە هەواڵەکەدا هاتووە کە بنەماڵەی یەدۆڵڵا لە پێش شۆڕشی گەلانی ئێران و هەرەها پاش هاتنەسەر کاری ڕێژیمی ئیسلامی، لە دەسەڵاتی ناوەندیی و دەزگا سیخۆڕییەکان نزیک بوونەتەوە و لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، وەک مۆرەیەکی ئەمنیەتی نێردراوەتە نێو ڕیزەکانی خەلافەتی ئیسلامی لە مووسڵ.

بەکارهێنانی کەسانی سەرلێ‏شێواو لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە بۆ مەبەستی سیاسی و سیخۆڕی لە کوردستان و دەرەوەی کوردستان پەرەی سەندووە و لەم پێوەندیەدا، هاندان و ناردنی ئەو جۆرە کەسانە بۆ نێو گرووپە تیرۆریستییەکانی وەک داعش، لە هەڵکشان دایە.

ماوەیەک لەمەو پێش سکرتێری گشتیی حیزب بە بڵاوکردنەوەی بابەتێک بە ناوی کۆماری ئیسلامی لە ژێر هەڕەشەی داعشدا نیە! هۆشداریی دابووە لایەنەکان.

بەڕێز مستەفا هیجری نووسیبووی کە تەبلیغاتی دژی داعشی کۆماری ئیسلامی، سیناریۆیە و زۆر لایەنیش باوەڕیان کردووە.

هەروەها لەم بەستێنەشدا، هەواڵنێر و شرۆڤەکارانی جیهانی و ناوچە، لە کاتی کوژرانی ئەبوو مەسعەب زەرقاوی، ئەمیری ئەلقاعدە و باوکی داعشی ئێستا، ناوبراویان بە دەستپەروەردەی ڕێژیمی ئێران لەقەڵەم دابوو کە ماوەی نزیک بە سێ ساڵ لە ئێران بووە و دوایە گەڕایەوە بۆ عێراق و گرووپی تیرۆریستیی دامەزراند و دژی هێزەکانی ئەمریکا شەڕی تیرۆریستیی دەکرد. لەو کاتەدا ئەبووبەکر بەغدادییش دەستی ڕاستی زەرقاوی بوو.