کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٧ میلیۆن کرێکار لەئێران حەقدەستەکانیان کەمتر لەتێچووی بژیوی ژیانیانە

14:28 - 25 پووشپەڕ 2715

کوردستان میدیا: حەقدەستی ٧ ملیۆن کرێکار لەئێران تەنیا بەشی نیوەی بژیوی ژیانیان دەکات و پێویستە داهاتی هەر بنەماڵەیەک لەئێران بۆ مانگێک زیاتر لەدوو ملیۆن تمەن بێت.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بە پێی ئامارەکان لەئێران ٢٢ میلیۆن کەس سەرقاڵی کار کردنن کە تەنیا ١٥ میلیۆن کەسیان لەبیمە کەڵک وەردەگرن و هەر بەپێی ئامارەکەش زیاتر لە ٧ میلیۆن کەس سەرقاڵی کاریکاری رۆژانە و بەشێوەی حەقدەستی رۆژانە داهاتیان هەیە و پیشەکانیان نافەرمین.

غولامڕەزا عەباسی، بەرپرسی ئەنجومەنی سینفی کرێکارانی ئێران لەبارەی کێشەی کاری نافەرمی لەئێران بە هەواڵدەرییەکانی وتووە: هەندێک لەخاوەنکارەکان بە بەستنی گرێبەستی نایاسایی کەڵکی خراب لەکرێکاران وەردەگرن و ئەو حەقدەستەی کە پێیان دەدەن کەمتر لە حەقدەستی دیاری کراوی وەزارەتی کارە.

ماوەیەک لەمەوبەر لانیکەمی حەقدەستی کرێکاران بۆ ساڵی ١٣٩٤، ٧١٢ هەزار تمەن راگەیندرابوو.

هەروەها راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە زیاتر لە ١٥ میلیۆن کەس لەئێران لەژێر هێڵی هەژاریدا ژیان بەسەر دەبەن.

بەپێی وتەی ئابوریناسان تێچووی ژیانی بنەماڵەیەک لەئێران ساڵانە زیاتر لە ٢٣ میلیۆن تمەن مەزەندە کراوە. 

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی رێژیمی ئێران، حەقدەستی کرێکارێک (بنەماڵەیەکی ٤ کەسی) لە ئێران، ساڵانە نزیک بەدوو ملیۆن تمەن لە تێچووی ژیانیان کورت دینێت.

زیاتر لە سەدا ٧٠ی یەکەکانی بەرهەمهێنەر و پیشەیی لە ئێران، بە هۆی نەبوونی سەرمایەگوزاری و گەمارۆ ئابوورییەکان داخراون، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەیکە سەدان هەزار کەس لەحەشیمەتی ئەو وڵاتە بێکار ببن.

ئەمانە لەحاڵیکدایە کە رێژیمی ئێران بەردەوام جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە گەمارۆ ئابوورییەکانی دژی ئەو رێژیمە هیچ کاریگەرییەکی نەرێنی بە دواوە نەبووە.