کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەراکش پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران پچڕاند

16:54 - 12 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: وزارەتی دەرەوەی مەراکش، بە دەرکردنی باڵوێزی ئێران، کۆتایی بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕێژیمی ئیران هێنا.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕویتێرز، ڕۆژی سێشەممە ١١ی بانەمەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، دەوڵەتی مەراکش ڕایگەیاندووە، کە ڕێژیمی ئێران بە هاوکاریی حیزبوڵڵای لوبنان و دەوڵەتی ئەلجەزایر، بە دابینکردنی چەکوچۆڵ، پاڵپشتی لە میلیشیاکانی پولیساریوو دەکات، هەر بۆیە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ڕادەگرێت.

وزارەتی دەرەوەی مەراکش، داوای لە باڵوێزی ڕێژیمی ئیران کردووە، کە بە زووترین کات ئەو وڵاتە بەجێ بهێڵێت و ناسر بوریتە وەزیری دەرەوەی مەراکش، باسی لەوە کردووە، کە باڵوێزخانەی وڵاتەکەیان لە تاران دادەخەن.

وەزیری دەرەوەی مەراکش، ڕایگەیاندووە، کە ڕێژیمی ئێران لە ڕێگەی باڵوێزخانەی ئەلجەزایر، چەک و تەقەمەنی بە میلیشیاکانی پولیساریوو دەدات، هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، کە گرووپی تێرۆریستیی حیزبوڵڵا بە ناردنی فەرماندەکانی، چەکدارانی پولیساریوو فێری شەڕی نێو شار دەکەن.

میلیشیاکانی پولیساریوو، لەسەر کونتڕۆڵی سەحرای ڕۆژئاوا، ناوچەیەک کە لە باشووری مەراکش دایە و پێشتر لە ژێر داگیرکەریی ئسپانیا بووە، چەندین دەیەیە لەگەڵ وڵاتی مەراکش کێشەیان هەیە.

مەراکش پێشتر لە ساڵی ١٣٨٧ی هەتاوی، بە هۆی دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە بەحرەین، پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ تاران بۆ ماوەی ١٠ ساڵ ڕاگرت و لە ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی، سەرلەنۆی ڕێژیمی ئێران باڵوێزی بۆ مەراکش ناردەوە.