کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نامەی ١١ رێکخراوی مافی مرۆڤ بۆ رێپۆرتێرانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە قەیرانی ژینگە

20:02 - 28 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: یازدە رێکخراوی مافی مرۆڤ بە ناردنی نامەیەک بۆ رێپۆرتێران و کارناسانی رێکخراوی نەتوە یەکگرتووەکان، داوایان کرد کە بەدواداچوونی دۆخی هەوای پیسی خووزستان و وردیلەکانی خۆڵ بکەن.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، یازدە رێکخراوی مافی مرۆڤ لە پەیوەندی لەگەڵ قەیرانی ژینگە، بۆ ئەحمەد شەهید رێپۆرتێری تایبەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران، جان ناکس، کارناسی سەربەخۆی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووکان سەبارەت بە بەڵێنییەکانی مافی مرۆڤی پەیوەندیدار بە هەبوونی ژینگەیەکی خاوێن، پاک، ساغ و سەقامگیر و داینیووس پوراس، هەواڵنێری تایبەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە دەستەبەر بوونی بەرزترین ستانداردەکانی سەلامەتی جەستەیی و دەروونی بۆ هەمووان، نامەیەکیان نارد.

ئەو نامەیە لەلایەن ١١ رێکخراوی مافی مرۆڤ کۆمەڵەی توێژەرانی ئێران، کۆمەڵەی بەرگری لە مافی مرۆڤی ئازەربایجانییەكانی ئێران( اهراز)، ئەنجومەنی مافناسانی مرۆڤدۆست، رێکخراوی مافی مرۆڤی كوردستانی ئێران، ژنێڤ ـ ئینسانیەت ئێران، رێكخراویی ئورووپایی مافی مرۆڤی ئەهواز، رێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران، رێكخراوی پێکەوەهەڵکردنی جیهانی، دادپەروەری بۆ ئێران، كۆمەڵەی چالاكانی مافی مرۆڤ لە ئێران، دامەزراوەی نێودەوڵەتیی پەرەپێدانی فێركاری بۆ رێپۆرتێرەکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان نێردراوە.

لە بەشێكی ئەو نامەیەدا هاتووە، قەیرانی ژینگەپارێزی لە ئەهواز و چەندین شاری دیكە لە رۆژئاوای ئێران بەرەو كارەساتی مرۆیی دەروات و لە ماوەی ساڵانی رابردوودا بەردەوام هەوای ئەو ناوچەیە لە ئێران بە هۆی وردیلەکانی خۆڵ پیستر بووە و لە ماوەی رۆژانی رابردوویشدا بووەتە هۆی ئەوەیکە دانیشتوانی ئەو ناوچەیە بە جێگای هەوا خۆڵ هەڵمبژن.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، بە رێژەی نێونجی، لەشاری ئەهواز رۆژانە زیاتر لە ٢٥٠ كەس بە هۆی كێشەی هەناسە هەڵكێشانەوە سەردانی نەخۆشخانەكان دەكەن و ژمارەیەك لەو كەسانەش لە بەشە تایبەتییەكان (CCU) دەخرێنە ژێر چاودێرییەوە.
ئەو یازدە رێکخراوەی مافی مرۆڤ رایانگەیاندووە کە بە هۆی بەرنامەی ناڕوون و سیاسەتگوزاریی هەڵەی ژینگە پارێزی لە ئاستی نیشتمانی و ناوچەییدا هۆکاری سەرەکی ئەو قەیرانەیە و لەو نامەیەدا نوسیویانە: کەم‌کاری دەوڵەتەکانی ناوچە، وەکوو رێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ پێشگرتن لە کێشەکانی ژینگە و کۆنتڕۆڵکردنی چالاکییە مەترسیدارەکان بۆ پێڕاگەیشتن بە کێشەکانی ژینگە کارەساتی لێکەوتووەتەوە.

لە دریژەی ئەو نامەیەدا هاتووە: مافی مرۆڤ و ژینگە بە یەکەوە بەستراوەن و دابینکردنی مافی ژیان، سەلامەت و پەرەسەندن بێگومان بە ژینگەی خاوێن و پاقژ بەستراوەیە. دەوڵەتی ئێران لەو بارەیەوە ئەرکدارە لە بەرانبەر هاووڵاتیاندا وەڵامدەر بێت و ئێمە بە توندی لەو راستییە کە دەسەڵاتی ئێران سەبارەت بە پشتیوانی لە هاووڵاتیانی خۆی لە بەرانبەر زیانەکانی ژینگە و لێکەوتەکانی کەم‌کاری کردووە، نیگەرانین.

لە کۆتاییدا رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی ئێران داوایان کردووە کە پرسە ژینگەییەکان و وردیلەکانی خۆڵ بە وردی بخرێتە ژێر چاوەدێرییەوە و هەتا جێبەجێ کردنی هەموو کردەوە پێوستەکان لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە، چاوەدێری تەواو بکرێت.

ئاویەر. ت