کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی ئایینیی یاری هێرشی هێزەکانی دژە تێرۆری بۆ سەر بنکەی حیزبی دێموکرات مەحکووم کرد

14:36 - 19 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: ناوەندی ئایینیی یاری، لە بەیاننامەیەکدا هێرشی هێزەکانی دژە تێرۆری هەرێمی کوردستانی بۆ سەر کەمپی ئازادیی حیزبی دێموکرات مەحکووم کرد و داوای لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد وڵامدەری ئەو رووداوە بێت.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە درێژەی شەپۆلی مەحکووم کردنی هێرشی هێزەکانی دژە تێرۆری هەرێمی کوردستان بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن کەسایەتی و حیزب و لایەنە سیاسی و مەدەنییەکانی کوردستان، ناوەندی ئایینیی یاری (کاکەیی) هێرشی هێزەکانی دژە تێرۆری بۆ سەر کەمپی ئازادی مەحکووم کرد.

لە بەشێکی ئەو بەیانییەدا، هێرش بۆ سەر کەمپی ئازادی پێچەوانەی رێ‌وشوێن و داب‌ونەریتەکانی مافی مەدەنی، جەزایی، کۆمەڵایەتی و سیاسی رایگەیاندراوە.

لە بەشێکی دیکەی ئە بەیانییەدا جەخت کراوەتەوە: هەڵسوکەوت و هێرشی هێزەکانی ئاسایش بۆ سەر بنەماڵە بەڕێز و تێکۆشەرەکانی حیزبی دێموکرات بە توندی مەحکووم دەکەین.

پێشتریش پارتی لیبڕاڵی دێموکراتی کوردستان، سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵە ــ سازمانی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان و پارتی ئازادیی کوردستان و هەروەها محەممەد حاجی مەحموود سکرتێری گشتیی پارتی سوسیالیستی دێموکراتی کوردستان لە پەیامێکدا هێرش بۆ سەر کەمپی ئازادیی حیزبی دێموکراتیان مەحکووم کردبوو.

رۆژی چوارشەممەی حەوتووی رابردوو، سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە راگەیەندراوێکدا بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی هێرش بۆ سەر کەمپی ئازادی، ئەو کردەوەی هێزەکانی دژە تێرۆری مەحکووم کرد و داوای لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەروەها یەکیەتیی نیشتمانی کورد کرد کە هەنگاوی جیددی بۆ کۆتایی هێنان بە بێ‌رێزی کردن بە کادر و پێشمەرگە و بنەماڵەکانی حیزبی دێموکرات هەڵ بگرن.

دوابەدوای ئەو رووداوە، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ژمارەیەکی زۆر لە حیزب و رێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکان و هەروەها کەسایەتییە سیاسی و فەرهەنگییەکان بە شێوەی جۆراوجۆر ئەو کردەوەی هێزەکانی دژە تێرۆریان مەحکووم کرد.

لەو پەیوەندییەدا هەتا ئێستا چەندین هەیئەت لەلایەن ناوەندەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەدواداچوون و سزادانی تاوانباران پێکهاتووە کە یەکێک لەوانە بە بڕیاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و هەیئەتێکی دیکە لەلایەن ئیدارەی ناوەندیی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێکهاتووە.

سەبارەت بۆ بەدواداچوون بە پەروەندەی هێرش بۆسەر کەمپی ئازادی، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو هەیئەتەکانی فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان لە پارلمانی کورستان، بزووتنەوەی گۆڕان، بنکەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی کوردستان و هەیئەتی مافی مرۆڤی پارلمانی هەرێمی کوردستان سەردانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان کرد و بۆ بەدواداچوون بەو رووداوە ئامادەبوونی خۆیان دەربڕی.

ئاویەر. ت