کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناکۆکیی جیددی لە دانوستانە ناوکییەکان لەگەڵ رێژیمی ئێراندا وەک خۆی ماوەتەوە

19:13 - 17 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: دانوستانە ناوکییەکانی رێژیمی ئێران و وڵاتانی رۆژئاوا درێژەی هەیە، بەڵام ناکۆکیی جیددی لە دۆسیەی ناوکیی ئەو رێژیمەدا وەک خۆی ماوەتەوە.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، سەرەڕای دانوستانەکانی شەش وڵاتی زلهێزی جیهانی لەگەڵ رێژیمی ئێران بۆ گەیشتن بە رێکەوتن لەسەر بەرنامەی ناوکی ئەو رێژیمە بەڵام ناکۆکیی جیددی بۆ گەیشتن بە رێکەوتنی ناوکی وەک خۆی ماوەتەوە.

جان کێری و لۆران فابیۆس وەزیرانی دەرەوەی دوو وڵاتی ئامریکا و فەرانسە رۆژی شەممە رێکەوتی ١٧ی رەشەمەی ١٣٩٣ی هەتاوی لە دانیشتنێکی هاوبەشدا لەسەر بەرنامەی ناوکیی رێژیمی ئێران لە پاریس وتووێژیان کرد و رایانگەیاند کە ناکۆکیی جیددی لە دانوستانە ناوکییەکاندا لەگەڵ رێژیمی ئێران وەک خۆی ماوەتەوە.

جان کێری دوای ئەو دانیشتنە هاوبەشە لە کۆبوونەوەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند هەتا ئێستا لاوازی و کەم‌وکوڕی و ناکۆکی بۆ گەیشتن بە رێکەوتنێکی جێی متمانە لە دانوستانەکاندا هەیە و جارێکی دیکەش جەختی کردەوە کە ئەگەر رێکەوتنێکی باش واژۆ نەکرێت بە هیچ شێوەیەک ناهێڵێت رێکەوتنێک ئەنجام بدرێت و لە درێژەدا وتی: هەموومان دەزانین کات تێپەڕ دەبێت، بەڵام بۆ مامەڵەکردن پەلە ناکەین و ئێمە دەبێ مامەڵەیەکی دروست ئەنجام بدەیەن.

وەزیری دەرەوەی ئامریکا لە درێژەدا رایگەیاند کە رێکەوتنی ناوکی لەگەڵ رێژیمی ئێران پەیوەندی بە هاوکاریی ئەو رێژیمەوە هەیە و وتی: رێژیمی ئێران دەبێ گارانتی ئەوە بکات کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئاشتیخوازانەیە و دەبێ ئاشتیخوازنە بوونی بەرنامەی ئەتۆمی خۆی بسەلمێنێت.

هەروەها وەزیری دەرەوەی فەرانسە رایگەیاند، ئێمە بەدوای رێکەوتنێکی لێبڕاوانەین و وتی: ئێمە رێکەوتنێکی لێبڕاوانە و جێگای باوەڕن دەوێت، ئەو رێکەوتنەمان تەنیا بۆ خۆمان ناوێت، بەڵکوو بۆ تەوای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست داوا دەکەین و ئاشتی لەو ناوچەیەدا تەنانەت بۆ ئێران باشە و گەیشتن بە رێکەوتن پێویستە.

زۆربەی کارناسانی سیاسیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەزیرانی کاروباری دەرەوەی وڵاتانی یەکیەتیی ئورووپا و نوێنەرانی کۆنگرەی ئامریکا پێشتر رایانگەیاندبوو کە ئامانجی رێژیمی ئێران لە درێژکردنەوەی دانوستانە ناوکییەکان لەبەر ئەوەیە کە کاتی پێویست بۆ خۆی وەرگرێ.

لەو پەیوەندییەدا ١١ سێناتۆری کۆنگرەی ئامریکا لە بڕیارنامەیەکدا رایانگەیاندووە ئەگەر شەش وڵاتی زلهێزی جیهانی لە دانوستانە ناوکییەکان لەگەڵ رێژیمی ئێران بە ئاکام نەگەن؛ گەمارۆی قورستر دژی رێژیمی تاران پەسند دەکەن.

گادەر. د